ژماره‌يه‌ك خۆبه‌خشى بيانى له ريزى يه‌په‌گه به‌ره‌نگارى هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين ده‌بنه‌وه
تيمێك له جه‌نگاوه‌ره بيانييه‌كان، به سه‌ركردايه‌تى شه‌ڕڤانى چينى (هوانگ لى)، كه خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ى بريتانييه، پاڵيانداوهته پاڵ شه‌ڕڤانانى كورد
K24 – هه‌ولێر:
تيمێك له جه‌نگاوه‌ره بيانييه‌كان، به سه‌ركردايه‌تى شه‌ڕڤانى چينى (هوانگ لى)، كه خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ى بريتانييه، پاڵيانداوهته پاڵ شه‌ڕڤانانى كورد، له ريزى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه)، به‌ره‌نگارى هێرشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عفرين ده‌بنه‌وه.
هوانگ لى، ماوه‌ى سێ ساڵه له ريزى شه‌ڕڤانانى كورددا شه‌ڕ ده‌كات. ئه‌مه يه‌كه‌مجار نييه ناوى بهێنرێت و ميدياى جيهانى له باره‌يه‌وه بدوێت. خۆى لێدوان نادات، به‌ڵام شه‌ڕڤانه بيانييه‌كانى هاوڕێى به رۆژنامه‌ى تايمزى بريتانيان راگه‌ياندووه، هوانگ لى سه‌ركردايه‌تى شه‌ش شه‌ڕڤانى بيانى ده‌كات.
هوانگ لى له چين له‌دايكبووه. له منداڵييه‌وه خێزانه‌كه‌ى روويانكردووه‌ته بريتانيا. ئه‌و خوێندنى له بريتانيا ته‌واوكردووه. ده‌رچووى زانكۆى مانچسته‌ره.
له 2015دا كه له سووريا بوو، بۆ يه‌كه‌مجار وێنه‌ى له تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بڵاوكرايه‌وه. له وێنه‌كه‌دا هوانگ لى ده‌رده‌كه‌وت، ئاڵايه‌كى داعشى به‌ده‌سته‌وه بوو و دهيهێنايه خواره‌وه.
ئه‌و شه‌ڕڤانه چينييه‌ى له شه‌ڕى رهققهشدا دژى داعش به‌شدارى كردووه. ئه‌و له سه‌نگه‌رى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) بووه.
رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، 24ى كانوونى دووه‌م، يه‌نايرى 2018، فه‌رمانده‌يه‌كى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده)، بۆ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى رۆيته‌رز ئاشكرايكرد، ژماره‌يه‌ك خۆبه‌خشى ئه‌مريكى، بريتانى و ئه‌ڵمانى شانبه‌شانى شهڕڤانهكانى هه‌سه‌ده، له عفريندا به‌رگرى له شاره‌كه ده‌كه‌ن. گوتيشى: "ئه‌وان رووبه‌ڕووى هێرشى سوپاى توركيا بوونه‌ته‌وه".
له لێدوانه‌كه‌يدا بۆ رۆيته‌رز، رێدور خه‌ليل، كه فه‌رمانده‌يه‌كى ناسراوى هه‌سه‌ده‌يه، ره‌تيكرده‌وه، ورده‌كارى له باره‌ى ناسنامه و ژيانى ئه‌و خۆبه‌خشه بيانيانه‌ى شه‌ڕ له دژى سوپاى توركيا ده‌كه‌ن، ئاشكرا بكات. گوتيشى: "ئه‌وان ده‌يانه‌وێت به‌رگرى له شارى عفرين بكه‌ن". هه‌رچه‌نده هه‌ندێك زانيارى له باره‌ى ئه‌و شه‌ڕڤانه بيانيانهوه له په‌يجى (The Lions Of Rojava) واته (شێره‌كانى رۆژئاڤا) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
بهناوبانگترينى ئه‌و خۆبه‌خشه بيانيانه، پاڵێوراوى پێشووى پارتى پارێزگارانى بريتانيايه، كه ناوى (باران ماكر گيفۆرد(ى له خۆى ناوه. هه‌روه‌ها (كيم تايلۆر)، ده‌رچووى به‌شى بيركارى زانكۆى ليڤهرپوڵى بريتانيه، كه پێشتر به رۆژنامه‌ى تايمزى راگه‌ياندبوو، "شانبه‌شانى كورده‌كان به‌شدارى له شه‌ڕى عفريندا ده‌كات".
هێرشى سوپاى توركيا و فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى ئه‌و وڵاته بۆ سه‌ر شارى عفرين له رۆژئاواى كوردستان پێى نايه حه‌وته‌م رۆژييه‌وه. تا ئێستا هيچ ناوچه‌يه‌كى سنووره‌كه له لايه‌ن سوپاى توركياوه ده‌ستى به‌سه‌ردا نه‌گيراوه. سه‌رۆكى توركياش ئاشكرايكردووه، تا ئێستا 8 سه‌ربازى توركيا كوژراوون. هه‌سه‌ده‌ش رايگه‌ياندووه، ژماره‌يه‌كى زۆرى سه‌ربازى توركيا كوژراوون. هه‌روه‌ها توانيويانه سێ تانك تێكبشكێنن.
له ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش كاردانه‌وه‌كان فراوانتر ده‌بن. هه‌ريه‌ك له فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا وێڕاى نيگه‌رانيان له ره‌وشى عفرين داوايان كرد، "ره‌وشى ناوچه‌كه هێور بكرێته‌وه".
ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" و به بۆمبابارانكردنى شاره‌كه له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه به ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.
ئۆپراسيۆنه‌كه وێڕاى به‌شدارى تانك، زرێپۆش، تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته، به ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له چه‌كداره ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سه‌رچاوه: هاف پوست
و:ئ.ر