چواره‌م سه‌ربازى توركيا له عفرين كوژرا
سه‌ربازێكى ديكه‌ى سوپاى توركيا له شه‌ڕى عفرين كوژرا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ربازێكى ديكه‌ى سوپاى توركيا له شه‌ڕى عفرين كوژرا و به‌وه‌ش ژماره‌ى سه‌ربازه كوژراوه‌كانى توركيا گه‌يشته چوار سه‌رباز.
سه‌رچاوه سه‌ربازييه‌كانى سوپاى توركيا كوژرانى چواره‌م سه‌ربازى سوپايان له شه‌ڕى عفرين پشتڕاستكرده‌وه و به گوێره ئاماره ره‌سمييه‌كان ئه‌مڕۆ سێ سه‌رباز كوژراون و دوێنێش سه‌ربازێك كوژرا.
كوژرانى ئه‌و سێ سه‌ربازه‌ى سوپا له كاتێكدايه ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، ته‌رمى سه‌ربازه كوژراوه‌كه‌ى دوێنێ به خاكسپێردرا.
له چواره‌م رۆژى شه‌ڕى عفريندا تا ئێستا سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا، كه خلوسى ئاكارى سه‌رۆك ئه‌ركان سه‌رپه‌رشتى شه‌ڕه‌كه ده‌كات هيچ راگه‌يه‌ندراوێكى له باره‌ى پێشڤه‌چوونى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عفرين بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ى زانيارييه ميدياييه‌كان، شه‌ڕ به شێوازى پێشڕه‌وى و كشانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و ناوچانه‌ى له رۆژدا سوپا و ميليشياكانى سوپاى سوورياى ئازاد ده‌چنه ناويانه‌وه، به‌شه‌و لێيان ده‌كشێنه‌وه.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، به‌ڕێوبه‌رى روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، رامى عه‌بدولڕه‌حمان گوتى: له عفرين به‌رگرييه‌كى توند به‌ڕێوه ده‌چێت و هه‌ر كاتێك سوپاى توركيا پێشڕه‌وى بۆ گوندێك ده‌كات، دواى چه‌ند كاتژمێرێك يه‌په‌گه كۆنترۆڵى ده‌كاته‌وه.
رامى عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رنجى بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه شه‌ڕ له عفرين ئاسان نييه. چياكانى عفرين بوونه‌ته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م توركيادا هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى له به‌رامبه‌ر فه‌ره‌نسييه‌كاندا بوونه به‌ربه‌ست. ئه‌مه له كاتێكدايه هێشتا هيچ هاوكارى و كۆمه‌كێكى سه‌ربازى بۆ يه‌په‌گه نه‌گه‌يشتووه‌ته عفرين.
له به‌شێكى ديكه‌ى قسه‌كانيدا به‌ڕێوبه‌رى روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، تا ئێستا سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى نه‌يانتوانيوه ده‌ستبگرن به‌سه‌ر هيچ گوندێكدا. شه‌ڕ له سنووره‌كانى باكوور و خۆرئاواى عفرين له‌گه‌ڵ سوپاى توركيا و ليواى ئه‌سكه‌نده‌روونه به‌رده‌وامه.
سه‌باره‌ت به زيانه گيانييه‌كان رامى عه‌بدولڕه‌حمان ئاشكرايكرد، تا ئێستا 22 مه‌ده‌نى گيانيان له‌ده‌ستداوه به هۆى بۆمبابارانى فڕۆكه‌كان و تۆپخانه‌كانى توركياوه.
ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" و به بۆمبابارانكردنى شاره‌كه له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه به ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.
ئۆپراسيۆنه‌كه وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته، به ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له چه‌كداره ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.