سه‌ربازێكى ديكه‌ى توركيا له عفرين كوژرا
ئه‌مڕۆ دوو سه‌رباز كوژراون و دوێنێش سه‌ربازێك كوژرا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ربازێكى ديكه‌ى سوپاى توركيا له شه‌ڕى عفرين كوژرا.
سه‌رچاوه سه‌ربازييه‌كانى سوپاى توركيا كوژرانى سێيه‌م سه‌ربازى سوپايان له شه‌ڕى عفرين پشتڕاستكرده‌وه و به گوێره ئاماره ره‌سمييه‌كان ئه‌مڕۆ دوو سه‌رباز كوژراون و دوێنێش سه‌ربازێك كوژرا.
كوژرانى ئه‌و دوو سه‌ربازه‌ى سوپا له كاتێكدايه ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، ته‌رمى سه‌ربازه كوژراوه‌كه‌ى دوێنێ به خاكسپێردرا.
له چواره‌م رۆژى شه‌ڕى عفريندا تا ئێستا سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا، كه خلوسى ئاكارى سه‌رۆك ئه‌ركان سه‌رپه‌رشتى شه‌ڕه‌كه ده‌كات هيچ راگه‌يه‌ندراوێكى له باره‌ى پێشڤه‌چوونى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عفرين بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ى زانيارييه ميدياييه‌كان، شه‌ڕ به شێوازى پێشڕه‌وى و كشانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و ناوچانه‌ى له رۆژدا سوپا و ميليشياكانى سوپاى سوورياى ئازاد ده‌چنه ناويانه‌وه، به‌شه‌و لێيان ده‌كشێنه‌وه.
ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" و به بۆمبابارانكردنى شاره‌كه له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه به ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.
ئۆپراسيۆنه‌كه وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته، به ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له چه‌كداره ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.