به‌ريتانيا: چاودێرى ره‌وشى عفرين ده‌كه‌ين

به‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵوێستى فه‌ره‌نسا كه‌ دژى هێرشى سوپاى توركيايه‌ بۆ سه‌ر عفرين

K24 – هه‌ولێر:

به‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵوێستى فه‌ره‌نسا كه‌ دژى هێرشى سوپاى توركيايه‌ بۆ سه‌ر عفرين، حكومه‌تى بريتانيا راى وايه‌، توركيا مافى خۆيه‌تى بيه‌وێت ئاسايشى سنووره‌كانى بپارێزێت.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپاى توركياوه‌ بۆ سه‌ر عفرين رایگەیاند: "تورکیا مافی خۆیەتی بیەوێت، ئاسایشی سنوورەکانی دەستەبەر بکات".

جۆنسۆن ئاماژەی بەوەشداوە، کە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی عەفرین دەکەن و گوتی: "تورکیا مافی خۆیەتی بیەوێت، ئاسایشی سنوورەکانی دەستەبەر بکات. لە پێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگترین ئامانج كه‌ کۆتایی پێهێنانه‌ بە رژێمی ئەسەد بۆ گەیشتنە قۆناغێکی سیاسیی لە سووریا".

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى بريتانيا دواى ئه‌وه‌ دێت، كه‌ دوێنێ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا داوايكرد، ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى بۆ تاوتوێكردنى هێرشه‌كانى توركيا كۆببێته‌وه‌ و رايگه‌ياند، كورد به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش.

ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ ده‌ستيپێكرد.