چاوشئۆغڵۆ: به‌هۆى يه‌په‌گه‌وه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا گه‌يشتنه‌ بنبه‌ست

''ئەمریکا هاوبەشێکی هەڵەی هەڵبژارد''

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، ئەمریکا بە هۆی ئەوەی یەپەگەى وەک هاوبەشی خۆجێیی لە سووریا هەڵبژاردووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بنبەستێک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیادا درووست بکات.

مەولود چاوشئۆغڵو لە ژێر ناونیشانی ''ئەمریکا هاوبەشێکی هەڵەی هەڵبژارد'' لە ماڵپەڕی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا وتارێكى  بڵاوکرایەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، نووسيويه‌تى: ''ئامانجی هاوبەشی ئەمریکا و تورکیا لەم جوگرافیایە و لە دەرەوەشیدا، بریتییە لە لەناوبردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر دانیشتوان. داعش دوژمنی هاوبەشمانە و ئەگەر رۆڵی کاریگەری تورکیا نەبووایە زاڵبوون بەسەر داعشدا مەحاڵ دەبوو''.

هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: ''بە هۆی ئەوەی ئەمریکا یەپەگەی وەک هاوبەشی خۆجێیی لە سووریا هەڵبژاردووە، بنبەستێک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و ئەمریکادا درووستبووە. ئەوەش بەناو گرووپێکە کە لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسێنراوە. بە ناو یەکینەکانی پاراستنی گەل یان یەپەگە، بە ناوەکەی دیکەی، بە روونی رێکخراوی نایاسایی تیرۆریستیی پەکەکەیە. گرووپەکان ناوی جۆراوجۆریان هەڵبژارد و پێکهاتەی ئاڵۆزیان گرتەخۆ، بەڵام ئەمە راستییەکە ناشاردرێتەوە. لە لایەن هەمان کەسەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، لەهەمان کەمپەکاندا مەشقیان پێدەکرێت، خاوەنی هەمان پێکهاتەی رێکخراوەیی و سەربازیین و هەمان رێگەی بانگەشەکردن و سەرچاوەی دارایی بەکاردەهێنن. پەکەکە، یەپەگە ئاراستە دەکات. خۆکوژەکانی پەکەکە لە کەمپەکانی سووریای یەپەگە پێدەگەیەنرێن''.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئه‌وه‌شى نووسيوه‌: ''پڕچەککردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی کە هێرش دەکاتە سەر ئەندامێکی ناتۆ و ئەو پڕچەککردنەش لە لایەن هاوپەیمانێکی تری ناتۆوە خۆی لەخۆیدا پێشێلکارییە بەرامبەر ئەو بنەمایانەی کە ناتۆ نوێنەرایەتی دەکات".

مەولود چاوشئۆغڵو جەختی کردەوە لەوەی کە ئەو سیاسەتەی ئەمریکا پەیڕەوی دەکات زیان دەگەیەنێت بە متمانەی ناتۆ لەنێو ئەندامەکانیدا و گوتی: "کاتێک ئەمریکا هاوبەشێکی بەرامبەری وەک تورکیای هەبێت، بچێت متمانە بە یەپەگە بکات، ئەمە زیان بەخۆی دەگەیەنێت".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ