فه‌ره‌نسا و ئه‌مريكا ره‌تيانكرده‌وه به‌شدارى له سوچى بكه‌ن
له لايه‌ن رووسياوه ئاماده‌كارى بۆ كراوه و توركيا و ئێرانيش تێيدا به‌شدارن

K24 – هه‌ولێر:
فه‌ره‌نسا و ئه‌مريكا ره‌تيانكرده‌وه به‌شدارى له كۆنگره‌ى سوچى بكه‌ن، كه ئه‌مڕۆ كاره‌كانى له شارى سوچى باشوورى رووسيا ده‌ستيانپێكرد.
كۆنگره‌كه له ژێر ناونيشانى (ئاشتى بۆ گه‌لى سووريا)، له لايه‌ن رووسياوه ئاماده‌كارى بۆ كراوه و توركيا و ئێرانيش تێيدا به‌شدارن.
ماريا زاخارۆڤاى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا پێشتر رايگه‌ياندبوو، 1600 كه‌سايه‌تى بانگهێشتى كۆنگره‌كه كراوون.
به هۆى هێرشه‌كانى سوپاى توركياوه بۆ سه‌ر كانتۆنى عفرين، كانتۆنه‌كانى رۆژئاواى كوردستان ره‌تيانكرده‌وه به‌شدارى له كۆنگره‌كه‌دا بكه‌ن.
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا جان ئيف لۆدريان، گومانى خۆى له باره‌ى به‌ده‌ستهێنانى پێشكه‌وتن له ره‌وشى سووريا به هۆى كۆنگره‌ى سوچييه‌وه پيشاندا.
لۆدريان ئه‌مڕۆ له تۆكيۆى پايته‌ختى ژاپۆن بوو، گوتى: "بڕوا ناكه‌م له سوچى هيچ پێشكه‌وتنێك به دى بێت. به تايبه‌تى له كاتێكدا ره‌گه‌زێكى گرنگى قه‌يرانى سووريا، كه به‌رهه‌ڵستكارانن تێيدا ئاماده نابن".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمه بڕوامان وايه دانووستانى ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆيان لێ ناكه‌وێته‌وه".
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئينته‌رفاكسى رووسيايى له زارى گوته‌بێژى نێرده‌ى ديپلۆماتى ئه‌مريكا له رووسيا ماريا ئولسين بڵاويكرده‌وه، "ئه‌مريكا بڕياريداوه به‌شدارى له كۆنگره‌كه نه‌كات".
گوتيشى: "واشنتن له‌گه‌ڵ بڕيارى ده‌سته‌ى ديالۆگى يه‌كگرتووى سه‌ر به ئۆپۆزيسيۆنى سووريايه كه له كۆنگره‌ى رياز 2 پێكهێنراوه".
بڕياره له كۆنگره‌ى سوچيدا ليژنه‌يه‌ك بۆ پێداچوونه‌وه به ده‌ستوورى سووريا پێكبهێنرێت.