نووسینگه‌ی عه‌بادی وه‌ڵامی پێشنیازێكی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه
سه‌عد حه‌دیسی: ئه‌ركی پاراستنی ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نیا له‌ئه‌ستۆی هێزه عێراقییه‌كانه و هیچ هێزێكی بیانی رۆڵیان له‌و پرۆسه‌یه‌دا نابێت
K24- هه‌ولێر:
نووسینگه‌ی حه‌یده‌ری عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه، پاراستنی ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق، له‌ئه‌ستۆی هێزه ئه‌منییه‌كان و سوپا و پۆلیسی عێراقه.
ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه واشنتۆن پێشنیازی كردووه، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له پارێزگا سوننیه‌كانی عێراق ئه‌ركی پاراستنی ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ئه‌ستۆ بگرن، به‌تایبه‌ت موسڵ، ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین، به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنی پرۆسه‌كه و نه‌هێشتنی ساخته‌كاری له‌و ناوچانه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی نووسینگه‌ی عه‌بادی به سایتی به‌غدادول یه‌ومی راگه‌یاند، "ئه‌ركی پاراستنی ئاسایش و سه‌رپه‌رشتی كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نیا له ئه‌ستۆی هێزه عێراقییه‌كانه" و جه‌ختیشی كرده‌وه، "هیچ لایه‌نێكی بیانی رۆڵی له به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقدا نابێت".
حه‌دیسی گوتی: "هه‌رچی پێویست بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت، نه هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان و نه‌هیچ هێزێكی دیكه‌ی بیانی رۆڵیان له‌و پرۆسه‌یه‌دا نابێت".
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "عه‌ره‌بی له‌نده‌نی" كه له‌ژماره‌ی ئه‌مڕۆدا بڵاویكرایه‌وه، سوپای ئه‌مه‌ریكا پێشنیازی كردووه، ئه‌ركی پاراستنی ئه‌منی له شاره سوننی مه‌زهه‌به‌كانی عێراق له‌ئه‌ستۆ بگرێت، به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنی پرۆسه‌كه و رێگریكردن له ساخته‌كاری، چونكه وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاماژه‌ی پێكردووه، ئه‌مه‌ریكا ترسی له‌وه هه‌یه ئه‌و دۆخه‌ی له شاره سوننیه‌كان له‌ئارادایه، به‌تایبه‌ت ناوچه رزگاركراوه‌كان، ببێته زه‌مینه‌سازییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێن و، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی نوێنه‌رایه‌تی سوننیه‌كان نیشان نه‌ده‌ن، كه له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژییه‌كی نوێ له عێراق.
بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و پارێزگاكانی عێراق به‌یه‌كه‌وه له 12ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچن.