سه‌در: شووره‌ییه تێكۆشه‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان بترسێ
ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی شیعه هۆشداری ده‌ده‌ن

K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبی به‌عس بۆ ناو ژیانی سیاسی له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقه‌وه كه له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی شیعه‌وه هۆشداری له‌باره‌وه دراوه، ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه 30-1-2018 رایگه‌یاندووه: "عه‌یبه كه‌سێك خۆی به تێكۆشه‌ر بزانێت و له‌وه بترسێت كه حزبی به‌عس له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو ژیانی سیاسی و ده‌سه‌ڵات".
موقته‌دا سه‌در له رێگه‌ی تویته‌ره‌كه‌یه‌وه نوسیوویه‌تی: "ئێمه لێره‌ین و جارێكی دیكه رێگه ناده‌ی سته‌مكاری و گه‌نده‌ڵی بگه‌ڕێته‌وه‌و بۆ رێگه‌گرتن لێیان هیچ ره‌حمێكیان پێناكه‌ین".
قسه‌كانی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له كاتێكدایه كه چه‌ند رۆژێكه ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌رپرسانی شیعه له‌باره‌ی مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه هۆشداری ده‌ده‌ن.
ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی حه‌شدی شه‌عبی و باقر جه‌بر زوبه‌یدی زۆر به روونی باسی ئه‌و مه‌ترسییه‌یان كردووه‌و ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یانداوه كه "به‌عسییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی عزه‌ت دووری، ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی كاندیدكردنی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تییه‌وه له‌ناو لیسته جیاوازه‌كاندا بگه‌ڕێنه‌وه ناو ژیانی سیاسی و ئه‌وان چۆنیان ویست به‌و جۆره ئاراسته‌یان بكه‌ن.
قسه‌كانی سه‌دریش ناڕاسته‌وخۆ رووی له‌و كه‌سانه‌یه كه ترسیان له گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبی به‌عس هه‌یه. باقر جه‌بر زوبه‌یدی، كه وه‌زیرێكی پێشووی حكومه‌تی عێراقه و سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقه به ئاشكرا گوتوویه‌تی: "ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ پلان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان داده‌ڕێژێت و بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له پارێزگای ئه‌نباریش، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه بووبێته شوێنی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و پرۆگرامانه.