په‌رله‌مان و حكومه‌ت نه‌یانتوانی رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌ن

نێچیرڤان بارزانی: پێویسته‌ بۆچوونی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وه‌ربگیرێت

K24 - هه‌ولێر:

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، بێ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆتاییهات.

له‌پاش ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌یان قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد و گووتی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، رۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاری نه‌كرا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت بۆچوونی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش وه‌ربگیرێت".

هه‌روه‌ها گووتی: "كۆمیسیۆن كار و ئاماده‌كارییه‌كانی خۆی خستووه‌ته‌ روو زیاتر كۆبوونه‌وكه‌ راوێژكاری بووه‌".

هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا رۆژنامه‌وانان پرسیاریان له‌باره‌ی ناردنی پاره‌ بۆ مووچهی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كرد و له‌ وه‌ڵامدا گووتی: "حكومه‌تی عێراق هیچ پاره‌یه‌كی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌ناردووه‌و ته‌نها بانكی ناوه‌ندی پاره‌ی بۆ لقی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستا ناردووه‌".

Fly Erbil Advertisment