ديپلۆماتكارێكى ئێران: ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت ده‌وڵه‌تێكى كوردى له سووريا دابمه‌زرێنێت
هێرشه‌كانى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين له رۆژئاواى كوردستان بۆ 19يه‌مين رۆژ له‌سه‌ر يه‌ك به‌رده‌واميان هه‌يه
K24 – هه‌ولێر:
هێرشه‌كانى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين له رۆژئاواى كوردستان بۆ 19يه‌مين رۆژ له‌سه‌ر يه‌ك به‌رده‌واميان هه‌يه و ئه‌و شه‌ڕه بووه‌ته جێى بايه‌خى ميدياى ئێران و شرۆڤه‌كارانى ئه‌و وڵاته.
له ميدياى چاپكراوى ئێران‌دا، بۆچوونى ئه‌وه زاڵه شه‌ڕه‌كه بكرێته ده‌رفه‌تێك بۆ درووستكردنى به‌ره‌يه‌كى رووسى، ئێرانى، توركى له دژى ئه‌مريكا.
بۆچوونێكى ديكه‌ش هه‌يه، بڕواى وايه ئه‌و هێرشه‌ى سوپاى توركيا لێكه‌وته‌ى مه‌ترسيدارى بۆ ناوچه‌كه لێده‌كه‌وێته‌وه و زيان له به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئێران ده‌دات.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، باڵيۆزى پێشووى ئێران له ئازه‌ربيجان، ئه‌فشار سلێمانى له وتارێكدا به ناونيشانى (مه‌ترسييه‌كانى توركيا له هێرشى سه‌ر عه‌فرين) له رۆژنامه‌ى ئيعتماد نووسيويه‌تى، ئه‌و هێرشه‌ى توركيا ده‌بێته هۆى په‌ره‌گرتنى رۆڵى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد له سووريا، كه توركيا به درێژكراوه‌ى په‌كه‌كه‌يان ده‌زانێت.
سلێمانى له‌و بڕوايه‌دايه، ئه‌مريكا پلانى بۆ جيابوونه‌وه‌ى كورد له سووريا داڕشتووه، هه‌رچه‌نده ئه‌مريكا به‌رهه‌ڵستكارى جيابوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بوو له عێراق، به‌ڵام له سووريا ره‌وشه‌كه به جۆرێكى ديكه‌يه و ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت كورده‌كان سه‌ربه‌خۆ بن و ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆيان له رۆژهه‌ڵاتى فورات هه‌بێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، عه‌لى ئه‌كبه‌ر ويلايه‌تى، راوێژكارى رابه‌رى كۆمارى ئيسلامى ئێران، عه‌لى خامنه‌ئى بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى، رايگه‌ياند، ئه‌مريكا له رێگه‌ى يه‌كينه كورده‌كانه‌وه هه‌وڵى له‌تكردنى سووريا ده‌دات.
ويلايه‌تى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رايگه‌ياند، "واشنتن له هه‌وڵى دابه‌شكردنى خاكى سووريايه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زه‌مينه سازى بۆ پێكهێنانى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى كوردى له خۆرهه‌ڵاتى فورات كردووه و كار بۆ ئه‌وه ده‌كات به ره‌سمى دانى پێدا بنێت. به‌ڵام ئه‌و خه‌ونه‌ى ئه‌مريكا به‌دينايه‌ت".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئامۆژگاريمان بۆ ئه‌مريكييه‌كان ئه‌وه‌يه پێويسته رێز له سنوورى نێوده‌وڵه‌تى بگرن. گه‌لى سوورياش به هاوكارى حزبوڵڵا و هاوپه‌يمانه‌كانى، ئه‌مريكا له خۆرهه‌ڵاتى فورات ده‌رده‌په‌ڕێنن".
ويلايه‌تى، جه‌ختيشى له‌سه‌ر پشتيوانى ئێران بۆ "يه‌كپارچه‌يى خاكى سووريا" كرده‌وه.
راوێژكارى رابه‌رى كۆمارى ئيسلامى ئێران، له كۆتايى لێدوانه‌كه‌يدا گوتيشى: "گه‌لى سووريا و هاوپه‌يمانه‌كانى له‌وانه ئێران و حزبوڵڵا هه‌موو هه‌وڵێكيان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ پشتيوانيكردنى يه‌كپارچه‌يى سووريا و ئه‌مريكييه‌كانيش له به‌ديهێنانى ئه‌و خه‌ونه شه‌يتانيه‌يان شكست ده‌هێنن و زۆرينه‌ى گه‌لى سوورياش پابه‌ندى يه‌كپارچه‌يى وڵاته‌كه‌يانن".
هێرشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين به به‌شدارى نزيكه‌ى 30 هه‌زار له چه‌كدارانى گرووپ و مليشيا ئيسلامييه‌كانى سه‌ر به "سوپاى ئازادى سووريا" رۆژى شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد و هه‌ردوولاى شه‌ڕه‌كه رۆژانه زانيارى له باره‌ى زيانى گيانى و ماڵى يه‌كدى بڵاوده‌كه‌نه‌وه.