رۆژنامه‌يه‌كى ئێران: له مهاباده‌وه تا عه‌فرين رووسيا سه‌رچاوه‌ى نه‌هامه‌تييه‌كانى كورده
رۆژنامه‌كانى ئێران به بايه‌خه‌وه رووماڵى هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
هێرشه‌كانى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين له رۆژئاواى كوردستان بۆ 19يه‌مين رۆژ له‌سه‌ر يه‌ك به‌رده‌واميان هه‌يه و ئه‌و شه‌ڕه بووه‌ته جێى بايه‌خى ميدياى ئێران و شرۆڤه‌كارانى ئه‌و وڵاته، بۆچوونى ئه‌وه زاڵه شه‌ڕه‌كه بكرێته ده‌رفه‌تێك بۆ درووستكردنى به‌ره‌يه‌كى رووسى، ئێرانى، توركى له دژى ئه‌مريكا، به‌و پێيه‌ى ئه‌وان ده‌ڵێن: ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت ده‌وڵه‌تێكى كوردى له ناوچه‌كه درووست بكات. هه‌ندێك له شرۆڤه‌كارانيش رايان وايه رووسيا هۆكارى نه‌هامه‌تييه‌كانى كورده.
بۆچوونێكى ديكه‌ش هه‌يه، بڕواى وايه ئه‌و هێرشه‌ى سوپاى توركيا لێكه‌وته‌ى مه‌ترسيدارى بۆ ناوچه‌كه لێده‌كه‌وێته‌وه و زيان له به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئێران ده‌دات.
پۆلێنى بۆچوونه‌كان له رۆژنامه‌گه‌رى ئێران‌دا له باره‌ى شه‌ڕى عه‌فرينه‌وه
يه‌كه‌م: پشتيوانى ئه‌مريكا بۆ كورد:
باڵيۆزى پێشووى ئێران له ئازه‌ربيجان، ئه‌فشار سلێمانى له وتارێكدا به ناونيشانى (مه‌ترسييه‌كانى توركيا له هێرشى سه‌ر عه‌فرين) له رۆژنامه‌ى ئيعتماد نووسيويه‌تى، ئه‌و هێرشه‌ى توركيا ده‌بێته هۆى په‌ره‌گرتنى رۆڵى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد له سووريا، كه توركيا به درێژكراوه‌ى په‌كه‌كه‌يان ده‌زانێت.
سلێمانى له‌و بڕوايه‌دايه، ئه‌مريكا پلانى بۆ جيابوونه‌وه‌ى كورد له سووريا داڕشتووه، هه‌رچه‌نده ئه‌مريكا به‌رهه‌ڵستكارى جيابوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بوو له عێراق، به‌ڵام له سووريا ره‌وشه‌كه به جۆرێكى ديكه‌يه و ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت كورده‌كان سه‌ربه‌خۆ بن و ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆيان له رۆژهه‌ڵاتى فورات هه‌بێت.
دووه‌م: ناكۆكى ئه‌مريكا و توركيا:
محه‌ممه‌د عه‌لى ده‌ستماڵى پسپۆڕى په‌يوه‌ندييه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان له وتارێكدا راى وايه، هۆكارى هێرشه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌ره‌سه‌ندنى ناكۆكى نێوان ئه‌مريكا و توركيا له باره‌ى چه‌ند پرسێكه‌وه، گرنگترينيان پرسى داهاتووى سووريايه. ئه‌و ناكۆكيانه‌ش ريشه‌يان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مريكا، باراك ئۆباما. ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى بايه‌خى ئابوورى سووريا بۆ توركيا و بوونى به ناوچه‌يه‌كى گرنگ بۆ زاڵكردنى هه‌ژموونى خۆى.
وتاره‌كه‌ى ده‌ستماڵى له رۆژنامه‌ى ئيعتماد له ژێر ناونيشانى (توركيا و ته‌ماعى هه‌ژموونى له سووريا) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
سێيه‌م: لاوازكردنى ده‌وڵه‌تى سووريا:
نووسه‌رى ئێرانى دكتۆر محه‌ممه‌د حسێن موحته‌ره‌م له وتارێكدا به ناونيشانى (ئامانجه‌كانى ئه‌مريكا له باكوورى سووريا)، كه له رۆژنامه‌ى كه‌يهان بڵاوكراوه‌ته‌وه، نووسيويه‌تى: هۆكارى ئه‌نجامدانى هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵه‌كانى ئه‌مريكا به مه‌به‌ستى پێكهێنان و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردى له باكوورى سووريا. به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى ئه‌مريكا بۆ درووستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردى له هه‌رێمى كوردستانى عێراق شكستيانهێنا.
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: له لايه‌كى ديكه‌وه، ئه‌مريكا هه‌وڵده‌دات سه‌رنجى حكومه‌تى سووريا به‌ره‌و سنوورى توركيا رابكێشێت و سه‌رنجى له‌سه‌ر سنوورى له‌گه‌ڵ ئيسرائيل نه‌مێنێت. ئه‌مه‌ش به‌شێكه له هه‌وڵه‌كانى ئه‌مريكا بۆ پاراستنى ئاسايشى ئيسرائيل. هه‌روه‌ها ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت زاڵ بێت به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى نه‌وت و غاز له‌و ناوچه‌يه و ئه‌و سه‌رچاوانه نه‌كه‌ونه ده‌ست حكومه‌تى سووريا بۆ ئه‌وه‌ى به مه‌به‌ستى بنياتنانه‌وه‌ى سووريا به‌كاريان بهێنێت.
نووسه‌رى وتاره‌كه داواى له عێراق و سووريا و ئێران و توركيا كردووه، به پشتيوانى رووسيا هه‌وڵ بده‌ن به‌ره‌نگارى ئه‌و پلانه‌ى ئه‌مريكا ببنه‌وه بۆ دابه‌شكردنى ناوچه‌كه له رێى هه‌ندێك لايه‌نى كوردييه‌وه.
چواره‌م: پشتيوانى ئه‌مريكا بۆ ئيسرائيل:
نووسه‌رى ئێرانى محه‌ممه‌د ئه‌مين ئابادى له رۆژنامه‌ى كه‌يهان به ناونيشانى (ئۆپراسيۆنى توركيا له عه‌فرين: شه‌ڕى فيل و پانكردنه‌وه‌ى گيا) نووسيويه‌تى: ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت له سووريا بمێنێته‌وه، له پێناو پاراستنى ئيسرائيلدا. ئه‌و رۆڵه‌ى ئه‌مريكا له ناوچه‌كه‌دا ده‌يگێڕێت بووه‌ته مايه‌ى هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى توركيا. هاوپه‌يمانى توركيا و رووسيا بووه‌ته پێويستى ناوچه‌كه. به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مريكا هه‌وڵده‌دات ده‌وڵه‌تێكى فيدراڵى له سووريا بنياتبنێت و به‌وه‌ش ببێته سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه بۆ هه‌موو لايه‌ك.
نووسه‌ر داواشى له توركيا كردووه، هه‌وڵبدات له‌گه‌ڵ ئێران و عێراق و سووريا هاوپه‌يمانييه‌ك درووست بكات بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه. چونكه به ته‌نيا توركيا ناتوانێت زاڵ‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌يه‌دا.
پێنجه‌م: رۆڵى نه‌رێنى رووسيا:
جه‌لال جه‌لالى زاده، ئه‌ميندارى گشتى ئه‌نجوومه‌نى هه‌ماهه‌نگى به‌ره‌ى چاكسازيخوازان و ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى شوراى كۆمارى ئيسلامى ئێران له وتارێكدا كه له رۆژنامه‌ى (مستقل) به ناونيشانى (له مهاباده‌وه بۆ عه‌فرين) نووسيويه‌تى: ره‌وشى عه‌فرين ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وازهێنانى هه‌ندێك هێزى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى له كورد له سه‌روويانه‌وه رووسيا. ئه‌مه‌ش بێ پێشينه نييه و 72 ساڵ له‌مه‌و به‌ر ئه‌و كاته‌ى كۆماره ساواكه‌ى مهاباد دامه‌زرا، رووسيا پشتى تێكرد و به‌و هۆيه‌وه له‌ناو چوو.
جه‌لالى زاده، ره‌خنه له رووسيا ده‌گرێت له باره‌ى ئه‌و نه‌هامه‌تيانه‌ى به‌سه‌ر كورددا هاتوون و رووسيا به سه‌رچاوه‌يان ده‌زانێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، رووسيا پشتيى كورديشى له هه‌رێمى كوردستان نه‌گرت، كاتێك ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆييان ئه‌نجامدا. ئێستاش له هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين پشتى توركيا ده‌گرێت و ده‌ستبه‌ردارى كورد بووه.
هێرشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين به به‌شدارى نزيكه‌ى 30 هه‌زار له چه‌كدارانى گرووپ و مليشيا ئيسلامييه‌كانى سه‌ر به "سوپاى ئازادى سووريا" رۆژى شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد و هه‌ردوولاى شه‌ڕه‌كه رۆژانه زانيارى له باره‌ى زيانى گيانى و ماڵى يه‌كدى بڵاوده‌كه‌نه‌وه.