كورد له عه‌فرین.. له به‌رگرییه‌وه بۆ هێرشبردن
خۆڕاگری عه‌فرین شاره‌زایانی سه‌ربازی توركیای شۆك كردووه
K24 - هه‌ولێر:
"كوردی سووریا له ناو خاكی توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ن"، ناوونیشانی وتارێكی نووسه‌ری رووسی، زائور كاراییڤه، كه له رۆژنامه‌ی "سڤۆپۆدنایا بریسا" بڵاوكراوه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كات، له‌مه‌ودوا له عه‌فرین له جیاتی به‌رگریكردن، هێرش ده‌ستپێده‌كات.
له به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا، نووسه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ره‌وشی ئێستای باكووری رۆژئاوای سووریا "رۆژئاوای كوردستان"، له ئاڵۆزبوونی به‌رده‌وامدایه، ئه‌ردۆغانیش باس له عه‌فرین ده‌كات و گوایه هێرشێكی گه‌وره له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بۆ سه‌ر شاره‌كه ده‌ستپێده‌كات.
وه‌ك نووسه‌ره‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، كورد چیدیكه له حاڵه‌تی به‌رگریكردن نابێت له‌سه‌ر سنوور، به‌ڵكو له‌مه‌ودوا هێرشی پێچه‌وانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌توانن ترس له دڵی بهرامبهرهكانییان بچێنن به تایبه‌تیش له ناوچه سنوورییه‌كان و هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه‌ی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان.
به گوێره‌ی وتاره‌كه، له وه‌ڵامی بۆردومانه‌كانی توركیا، كوردیش بۆردومانییان ده‌كاته‌وه، به گوێره‌ی میدیاكانی توركیاش، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه زه‌یتوون" ده‌یان مووشه‌ك له ناوچه سنوورییه‌كان كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه.
نووسه‌ره‌كه راشیگه‌یاندووه، له باره‌ی گۆڕانكاری و پێشڤه‌چوونی رووداوه‌كان له داهاتوو، كه‌ره‌م یه‌ڵدریم، شاره‌زای كاروباری سه‌ربازی توركیا، له وه‌ڵامی پرسیاری كۆنتڕۆڵكردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه ده‌ڵێت: "له نزیكترین كاتدا ده‌بوو ئه‌و كاره ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام هیچ كه‌س ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نه‌بووه كه ئێستا ده‌گوزه‌رێت، شه‌ڕڤانان هه‌ندێك چه‌كیان هه‌یه كه پێشتر نه‌یانبووه، ئه‌وه‌ش وایكردووه توانایه‌كی له راده‌به‌ده‌ری به‌رگرییان هه‌بێت و رووبه‌ڕووی نوێترین چه‌كی توركیا ببنه‌وه".
وه‌ك ئه‌و نووسه‌ره رووسییه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، پێشتر توركیا هۆشداری داوه له پێدانی چه‌كی جۆراوجۆری ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی به شه‌ڕڤانان، به‌ڵام تێگه‌یشتن له چۆنیه‌تی گه‌یشتنی ئه‌و چه‌كانه، سه‌خت بووه.
به گوێره‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه، ئه‌مه‌ریكا نه‌ك هه‌ر له رێگه‌ی ئاسمانی، به‌ڵكو پێده‌چێت له رێگه‌ی كاروانی زه‌مینییه‌وه و به‌كارهێنانی هه‌ژموونی خۆی له‌سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كداری سووریا، له رێگه‌ی ئیدله‌به‌وه هاوكارییه‌كانی گه‌یاندبێته عه‌فرین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش تا ئێستا نهسهلمنێراوه.
سه‌رچاوه: RT