به‌رهه‌ڵستكاران فڕۆكه‌خانه‌يه‌كى سووريا راده‌ستى توركيا ده‌كه‌ن

كاروانێكى سه‌ربازى سوپاى توركيا روويكردووه‌ته‌ ئيدلب

K24 – هه‌ولێر:

چالاكى سووريا له‌ رێى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانه‌وه‌ بڵاويانكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ينى كاروانێكى سه‌ربازى سوپاى توركيا روويكردووه‌ته‌ ئيدلب بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ فڕۆكه‌خانه‌ى ته‌فتنازى سه‌ربازى له‌ باكوورى شاره‌كه‌.

هاوكات له‌ دوو رۆژى رابردوودا ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سووريا ژماره‌يه‌ك هێليكۆپته‌رى تێكشكاوى فڕۆكه‌خانه‌كه‌يان به‌ بارهه‌ڵگر به‌ره‌و توركيا گواستووه‌ته‌وه‌.

ژماره‌يه‌ك له‌ چالاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، توركيا فه‌رمانى به‌ ميليشياكان كردووه‌، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ى به‌ پاك و خاوێنى راده‌ست بكه‌ن.

ئاژانسى دى بى ئه‌ى ئه‌ڵمانى بڵاويكرده‌وه‌، شاندێكى سه‌ربازى توركيا سه‌ردانى فڕۆكه‌خانه‌كه‌يان كردووه‌ و پلانى دامه‌زراندنى بنكه‌يه‌كى سه‌ربازييان له‌و فڕۆكه‌خانه‌يه‌ گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌.