عه‌بادی له‌ میونشن په‌سنی رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

داوای هاوكاری له‌ وڵاتانی هاوپه‌یمان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گوتارێکیدا لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند کە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ یەمەکەمینجار لە مێژووی عێراق لە یەک سەنگەردا بە يه‌کەوە لە دژی داعش شەڕیان کرد.

عه‌بادی گوتی: "سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ یەمەکەمینجار لە مێژووی عێراق لە یەک سەنگەردا شەڕیان کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە لە رابردوودا ئەو دوو هێزە لە سەردەمەکانی دکتاتۆریەک لە دژی یەکدی شەڕیان دەکرد".

عه‌بادی  له‌ وتاره‌كه‌یدا، داوای لە وڵاتانی هاوپایەیمان کرد وەک چۆن لە شەڕدا هاوکاری عێراقیيان کردووە لە قۆناخی بونیادنانەوەش هاوکاریان بکەن.

گوتیشی: "لێرەوە داوا لە وڵاتانی هاوپەیمان دەکەین وەک چۆن لە شەڕی تیرۆری هاوکاریان کردین، هیواخوازین لە قۆناخی ئاشتی و  بونیادنانەوەشدا لەپێناو ئایندەیەکی باشتر بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوومان هاوکاریمان بکەن".

ئاماژه‌كردن به‌ رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ پێشتر له‌ وتاری سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیران رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی فه‌رامۆش كرد و ئاماژه‌ی به‌ ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ كرد كه‌ له‌ دژی داعش شه‌ڕیان كرد، ته‌نها هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌بێت.