تێپەڕاندنی بودجە بەبێ كورد كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق پەسند كردنی بودجە یەكلایی دەكەنەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە لەم هەفتەیەدا سێ سەرۆکایەتی عێراق بەبێ قایل كردنی كورد لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کۆببنەوە. پەسەندکردنی بودجەی عێراق بەبێ رێککەوتن لەگەڵ کورد کێشە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان زیاتر دەکات و چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت بەم کێشانەی ناو پڕۆژەکە باشترە بۆ کورد پرۆژە یاسای بودجە پەسەند نەکرێت.

هەولێر و بەغدا لە چاوەڕوانی پەسەندکردنی پرۆژە بودجەی 2018 دان بە جۆرێك ئەگەر بەم مادانەی ئێستاوە پەسەند بکرێت ئەوا کێشە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان ئاڵۆزتر دەکات.کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەش بۆ تێپەراندنی پڕۆژەى بودجە بەبێ هەولێر ئاڵۆزییەکان قوڵتر دەکاتەوە. چاودێرێکی سیاسی پێی وایە بەو کێشانەی لە پڕۆژە بودجەدا هەن باشترە بۆ کورد ئەمساڵیش پڕۆژە بودجەکە پەسەند نەکرێت، بەو هۆیەشەوە  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری زیاتر دەخاتە سەر بەغدا.

شاڵاو محەمەد، چاودێری سیاسی رای وایە: "ھەر بڕیارێك كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە ھەبێت، كە ئێستا شیعەكان باڵا دەستن، بەبێ كورد و سوننە، ئەوەندەی كە ھەڵپەساردن و ململانێكان توند دەكاتەوە، ئەوەندە چارەسەر نابێت بۆ چارەسەری كێشەكان".

پڕۆژە بودجەی عێراق جگە لە رووی ئابووری لە رووی سیاسیشەوە کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، لە رووی داراییەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان زۆر کەم دیاری کراوە لە رووی دەستووریشەوە ناوی هەرێمی کوردستان نەهێنراوە  و حکوومەتی عێراقيش دەستی دەستیکردن بە کورد دەكات و بەشێکیشی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنێت لە لایەکی دیکەشەوە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی پێ قوڵتر دەکاتەوە.

نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر بودجە لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بخرێتە دەنگدان و دەنگی لەسەر بدرێت، یان بودجە پەسەند دەكرێت یانیش نوێنەرانی كورد دەتوانن رێگری لێ بكات، لەو كاتەدا رەنگە ھەر نەتوانرێت بودجە پەسند بكرێت".

لە دوای 16 ئۆکتۆبەر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەك براوە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەکات و بەردەوامیش لە هەوڵدايە بۆ قوڵتركردنەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان.