له‌ رووسيا سيستمى بانكى ئيسلامى ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌

پرۆژه‌يه‌كى ئه‌زموونى له‌و كۆمارانه‌ى رووسيا ده‌خاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ زۆرينه‌ى دانيشتوانيان موسڵمانن

K24 – هه‌ولێر:

سبيربانك، كه‌ يه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ بانكه‌كانى رووسيا، پرۆژه‌يه‌كى ئه‌زموونى له‌و كۆمارانه‌ى رووسيا ده‌خاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ زۆرينه‌ى دانيشتوانيان موسڵمانن، به‌ گوێره‌ى پرۆژه‌كه‌ خزمه‌تگوزارى بانكيى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاينى ئيسلام پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتيان ده‌كات.

راوێژكارى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ئيداره‌ى سبيربانك، به‌هنام قوربان زادى، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌ ميانى به‌شداريكردنى له‌ يه‌كه‌م كۆڕبه‌ندى ئابوورى ئيسلامى رووسيا، گوتى: "پرۆژه‌يه‌كمان به‌ده‌سته‌وه‌يه‌، بۆ ئه‌وه‌ى سيستمى بانكى ئيسلامى بۆ هاووڵاتيان له‌ كۆماره‌كانى تاتارستان، چيچان جێبه‌جێبكه‌ين".

بانكى ئيسلامى له‌ رووسيا داهاتوويه‌كى روونى هه‌يه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى ميدياى رووسيا ئاماژه‌ى پێداوه‌. به‌و پێيه‌ى موسڵمانان رێژه‌ى له‌ سه‌دا 20ى دانيشتوانى رووسيا پێكده‌هێنن كه‌ ژماره‌يان 29 مليۆن كه‌سه‌.

سه‌رچاوه‌: رووسياليه‌وم

ئ.ر