ئه‌شواق جاف بۆ كوردستان 24: پشكی كورد له بودجه زیاد نه‌كراوه و كاتی كشانه‌وه‌یه له‌به‌غدا
ئه‌شواق جاف: مانه‌وه‌ی كورد له به‌غدا شه‌رعیه‌تدانه به‌و سته‌مكاریانه‌ی عێراق به‌درێژایی مێژوو به‌رامبه‌ر به گه‌لی كوردی كردووه
K24- هه‌ولێر:
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24، ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له زیادكردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی عێراق ده‌كه‌ن، له‌ڕاستیه‌وه دوورن، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، له‌كاتێكدا ره‌شنووسی پرۆژه یاسای بودجه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه داڕێژراوه، په‌رله‌مان بۆی نییه بودجه زیاد بكات.
ئه‌شواق جاف ئه‌و هه‌واڵه‌شی پشتڕاست كرده‌وه، كه بڕیاره سبه‌ی پرۆژه یاسای بودجه بخرێته كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان، به‌بێ ئه‌وه‌ی داواكاری و مافه داراییه‌كانی كورد تێیدا جێبه‌جێ كرابن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده گوتیشی: "نیازێك هه‌یه بۆئه‌وه‌ی سبه‌ی سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی كوردستان به‌ر له دانیشتنی په‌رله‌مان كۆببنه‌وه، بۆئه‌وه‌ی بڕیاری خۆیان بۆ به‌شداریكردن یاخۆد بهشدارینهكردنییان له دانیشتنی په‌رله‌ماندا بده‌ن". له‌كاتێكدا ئاشكراشیكرد، "پێشتر ته‌واوی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان دووپاتیان كردبۆوه، ئه‌گه‌ر به‌بێ گوێدانه مافه‌كانی كورد پرۆژه‌كه تێپه‌ڕێندرا، ئه‌وا به‌یه‌كجاری له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌كشێنه‌وه".
ئه‌شواق جاف گوتی: "به‌شداریكردنی كورد له دانیشتنی سبه‌ی، شه‌رعییه‌تدانه به‌و پێشێلكاری و زوڵم و سته‌مكاریانه‌ی كه حكومه‌تی به‌غدا به‌رامبه‌ر به گه‌لی كورد كردوویه‌تی و، ره‌وایه‌تی به بڕینی قوتی خه‌ڵك و بودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌دات، كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان كراوه".
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، له‌كاتێكدا حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به به‌رده‌وامی یاری به ده‌روونی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و جه‌نگی ده‌روونی له‌دژی كورد راگه‌یاندووه، وێڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی نزیكه‌ی 15 ساڵه مافه‌كانی كورد له به‌غدا پێشێل ده‌كرێن، ئێستا كاتی كشانه‌وه‌یه و تاكه چاره‌سه‌ر خۆداحافیزیكردنه له‌به‌غدا.
ئه‌م لێدوانه‌ی جاف دوای ئه‌وه هات، نووسینگه‌ی سه‌لیم جبووری، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، سه‌لیم جبووری له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وه و، گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆئه‌وه‌ی له‌دانیشتنی سبه‌ی پرۆژه یاسای بودجه تێپه‌ڕێندرێت.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، ئه‌ندامانی كورد له لێژنه‌ی دارایی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شداریان نه‌كردووه و، مافه داراییه‌كانی كوردیش له‌و پرۆژه یاسایه‌دا له‌به‌رچاو نه‌گیراون.
پێشتریش، جه‌بار ئه‌لعه‌بادی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق كه كه‌سێكی نزیك له عه‌بادییه، له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاندبوو، به‌بێ به‌شداریكردنی كورد له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ جبووری گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆ تێپه‌ڕاندنی بودجه. گوتیشی: "سه‌رۆك وه‌زیران هه‌مواركردنه‌وه و زیادكردنی پشكی هه‌رێم له پرۆژه یاسای بودجه‌دا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تكردۆته‌وه، رایگه‌یاند: "سبه‌ی چوارشه‌ممه پرۆژه یاسای بودجه تێده‌په‌ڕێندرێت، جا كورد ئاماده‌بێت یاخۆد نا".
ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه، پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراقدا به رێژه‌ی 17% دیاریكرابوو، له‌كاتێكدا ئه‌مساڵ به بڕیارێكی حهدیهر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌و رێژه‌یه بۆ 12.67% كه‌مكرایه‌وه، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی كورد له‌به‌غدا به‌دوای خۆیدا هێنا و، لایه‌نه كوردستانییه‌كان به درێژه‌پێده‌ری سیاسه‌تی دژایه‌تیكردنی كورد له‌لایه‌ن حكوومه‌ته یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی عێراق وه‌سفی ده‌كه‌ن و، به ته‌واوكه‌ری رووداوه‌كانی ئه‌نفال، كیمیاباران، جینۆساید و هێرشه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق له 16 ئوكتۆبه‌ری 2017 لێكده‌ده‌نه‌وه.
H.B