پرسی تەعریبی کەرکووك دەگەیەندرێتە پەرلەمانی ئەوروپا
پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق دەخرێنەروو
K24 - ھەولێر
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بە یاوەری شاندێك، لە چەند دیدارێكی جیادا لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەكێتی ئەوروپا دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق لە كەركووك و خورماتوو خستەڕوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوی نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا: "شاندی حکوومەتی هەرێم لە برۆکسل چاویان کەوت بە پەرلەمانتار دانپرێدا، رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پارتە مەسیحییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا کە گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی ئەوروپایە. هەروەها لەگەڵ پەرلەمانتار باربارا لۆخیلەر، رێکخەری فراکسیۆنی پارتە سەوزەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوە و مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوە. لەلایەکی دیکەوە دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕی لە هەردوو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا ئەنجامدراوە".
دلاوەر ئاژگەیی، رایگەیاند: "لەمیانەی ئەو دیدار و کۆبوونەوەنەدا ئاماژەمان داوە بە رەوشی نائاسایی ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی تەعریب لەو ناوچانە کرد. هاوکات باسمان لەو پێشێلکارییە دەستوریانە كرد، کە حکوومەتی عێراق لە لایەك و حەشدی شەعبی لە لایەکی دیکە ئەنجامیانداوە، بە مەبەستی جارێکی دیکە گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووك و دەوروبەری. پرسی سزادانی گەلی کوردستان و داخستنی فڕۆکەخانەکان و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن بەغدا تەوەرێکی دیكەی گرنگ کۆبوونەوەكان بوو".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا راشیەگاید: "هەر لەو چوارچێوەیەدا تاوتوێی ئەنجامدانی هەندێک کۆبوونەوەی پێویست کرا لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا، کە بڕیارە لە داهاتوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام بدرێن".
H.M
