ھەپەگە فڕۆكەیەكی توركیا دەخاتە خوارەوە

فڕۆكەكە چاودێری ناوچەكەی كردووە

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) رایدەگەیەنێت، فڕۆكەیەكی چاودێری توركیایان لە باكووری كوردستان خستووەتە خوارەوە.

ئاژانسی فوڕاتی نزیك لە پەكەكە، ڤیدیۆیی فڕۆكەیەكی چاودێری بڵاوكردەوە و دوای چەند ساتێك ئەو ڤیدیۆیە سڕایەوە، ئەو ئاژانسە رایگەیاند: "گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ناوچەی چەلێی سەر بە شاری جولەمێرگی باكووری كوردستان فڕۆکەیەکی چاودێری سوپای تورکیان لە جۆری درۆن خستووەتە خوارەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە دوای كۆتایی ھاتنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2015 شەڕی لەنێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپا و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان دەستی پێكردەوە و تائێستاش بەردەوامە، بەو ھۆیەشەوە قەدەخەی ھاتووچۆ لە ھەندێك ناوچەی باكووری كوردستان رادەگەیەندرێت، ھەروەھا زۆرجاریش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بەھۆی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان بۆردوومان دەكەن و زیانی گیانی و مادی بە ھاووڵاتیان دەگەیەنن.

دوای چەندین ساڵ شەڕ، لە ساڵی 2012 پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیا ھاتە ئاراوە، شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە دروستكرا و بۆ گفتوگۆی نێوان توركیا و پەكەكە، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەكەكەیان لە ئیمرالی دەكرد، ھەروەھا چەند جارێكیش ئەو شاندە نامەی ئۆجەلانی بۆ سەركردەكانی پەكەكە دەھێنایە قەندیل، بەڵام لە ساڵی 2015 تەقینەوەیەك لە ناوچەی (پرسوس) سروچی سەر بە شاری رحای باكووری كوردستان روویدا و توركیا پەكەكەی بە بكەری تەقینەوەكە لە قەڵەمدا، ئەمەش وەك بیانوو بۆ دەستپێكردنەوەی شەڕی نێوانیان دەزانێت.

H.M