فراكسيۆنه‌ كوردييه‌كان پرسى كشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى سياسى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

بەزۆرینە لە کۆی 46 مادەی پڕۆژەكه‌، 12يان په‌سندكران

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌ بێ رازی بوونی كورد 12 بڕگه‌ی بودجه‌ی په‌سه‌ندكرد و فراكسیۆنه‌ كوردييه‌كانيش هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی كارتی كشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ده‌كه‌ن.

هەرچەنده سەرۆکایەتی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بەڵێنی بە کورد دابوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، پڕۆژە یاسای بودجە نەخاتە دەنگدانەوە، بەڵام دوای تەواوبوونی رێژەی یاسایی دانیشتنەکان ئەو پرسە خرایە دەنگدانەوە و بەزۆرینە لە کۆی 46 مادەی پڕۆژەكه‌، 12يان په‌سندكران , دانیشتنەکەش دواخرا بۆ رۆژی شەمەى سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو.

بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و پرسه‌، بڕیاره فراکسیۆنە کوردييه‌كان لەگەڵ سەرکردایەتی حزبە سیاسیيەکان کۆببنەوە و بڕیاری کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بەغدا بەکاربهێنن.

به‌ گوێره‌ى ئه‌و ماددانه‌ى په‌سندكراوون، پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى ئيتيحادى له‌سه‌ر بنه‌ماى ژماره‌ى دانيشتووانى هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها پێويسته‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رميل نه‌وت له‌ رێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ى توركيا بكات. 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/fc9a14ef-91f4-423e-bd90-fd635e8179c3/030118DCD.ism/manifest

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە بودجەدا کورد پەراوێزخراوە و پڕۆژەیاساکە لەسەر بنەمای زۆرینە تێپەڕێندراوە.

گوتیشی: بڕیار بوو هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەرجەم لایەنەکان کۆببنەوە، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و شکستیان بە هەوڵەکان هێنا. داوای لەلایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد، دەستێوەردان بۆ راستکردنەوەی ئەو کارەبکەن.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/316e181c-e608-465e-abed-87d2c8686a64/030118DAH.ism/manifest

هه‌روه‌ها، مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، شیعه‌ و سووننه، به‌بێ كورد‌ له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ رێككه‌وتبوون، ئه‌وه‌ی كه‌ په‌سه‌ندیش كراوه‌ ناده‌ستوورییه‌.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی عێراق گووتیشی، ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافه‌كانی كورد، ده‌بێته‌ هۆی لێكترازانی زیاتر له‌نێوان پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى كورد و ئه‌گه‌رى به‌كارهێنانى كارتى فشار له‌ دژى سه‌پاندنى راى زۆرينه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، ژماره‌يه‌ك له‌ نوێنه‌ران، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كورد ده‌توانێت سه‌ره‌ڕاى به‌كارهێنانى كارتى كشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى سياسيى، ده‌كرێت په‌نا ببرێته‌ به‌ر دادگاى فيدراڵى.