نهجهف جێ به قوم لێژ دهكات
کاریگەری لەسەر داهاتووی ئێران و پێگە ئایینییەکەی دەبێت
K24 – ههولێر:
کێشەی نێوان مەرجەعییەت و قوتابخانە ئایینییەکانی مەزهەبی شیعە لەنێوان نەجەف و قوم تادێت قووڵتر دەبێتەوە و مەرجەعەکانی ئێرانیش کار بۆ پارێزگاریکردن لە پێگەی بەهێزی حەوزەی عیلمی قوم دەکەن، بەڵام سەرەڕای هەوڵی مەرجەعە ئێرانییەکان ئەندامێکی ئەنجوومەنی زانايانى ئایینی ئێران ئاماژە بەوەدەدات، تەوژمێکی کۆچ بەرەو نەجەف لەنێوان قوتابیانی حەوزەی عیلمی قوم دەستیپێکردووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتووی ئێران و پێگە ئایینییەکەی دەبێت.
ئەگەر سەردەمێک ئێران بە ناوەندێکی ئایینی بۆ شیعەکان لەسەرانسەری جیهان دادەندرا، بەڵام ئێستا خەریکە عێراق دەبێتە پێگەیەکی بەهێزی ئایینی مەزهەبییەتی شیعی و ئەو دەسەڵاتە لە ئێرانییەکان وەردەگرێت، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیاوانی ئایینی ئێرانیش جەختدەکاتەوە، قوتابیانی حەوزەی عیلمی قوم بەرەو نەجەف کۆچ دەکەن.
محەممەد تەقی رەهبەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پیاوانی ئایینی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی حەوزەی عیلمی قوم بەرەو سیکۆلاریزم دەچێت و لە بنەما سەرەکییەکانی مەرجەعییەتی شیعی دوور دەکەوێتەوە، قوتابیانی ئەو حەوزەیە بە ناچاری بەرەو نەجەف کۆچ دەکەن. بە بڕوای چاودێرانی سیاسیش کۆچکردنی قوتابیانی ئایینی قوم بۆ نەجەف بە سەرەتایەک بۆ لەناوچوونی ئیمپراتۆرییەتی ئایینی ئێرانییەکان دادەنرێت و رەنگە لە داهاتووشدا، مەرجەعەکانی عێراق بڕیار لەبارەی بنەما سەرەکییەکانی شیعه لە جیهان بدەن.
هەرچەندە لە رابردوودا پیاوانی ئایینی لەڕێگەی زەقکردنەوەی دروشمە ئایینییەکان دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان گرتە دەست و ئێستاش لەڕێگەی ئەو دروشمانەوە پارێزگاری لە هەژموونی خۆیان بەسەر پەیرەوانی مەزهەبی شیعە لە ناوچەکە دەکەن، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی زانايانى ئایینی ئێران دەڵێت، حەوزەی عیلمی قوم چەند جارێک پێشنیازی جیاکردنەوەی ئایین و دەسەڵاتی کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو پێشنیازەیان رەتکردووەتەوە.
کێشەی نێوان مەرجەعییەت و قوتابخانە ئایینییەکانی مەزهەبی شیعە لەنێوان نەجەف و قوم تادێت قووڵتر دەبێتەوە، کۆچکردنی قوتابیانی قوم بۆ نەجەفیش پێچەوانەی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانە، کە لەماوەی رابردوودا چەند جارێک هەوڵیاندا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق لابدەن و لە جێگای ئەو مەحموود شاهروودی بکەنە مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق.
ئ.ر