ھەدەپە لەبارەی عەفرین پەیامێك ئاراستەی حكوومەتی توركیا دەكات

"رۆژانە گەنجانی بێ تاوان بەكاردەھێنن و دەبنە قوربانی"

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە پەیامێكدا داوا لە حكوومەتی توركیا دەكات، ھەرچی زووە ئۆپەراسیۆنی عەفرین بوەستێنێت و بڕیاری ئاگربەستی ئەنجوومەنی ئاسایش جێبەجێ بكات.

ھەریەك لە پەروین بولدان و سازای تەمەلی، ھاوسەرۆكانی ھەدەپە لە راگەیەندراوێكی ھاوبەشدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان بۆسەر عەفرین لەلایەن توركیاوە، رایانگەیاندووە "ئەو لایەنانەی پشتگیری شەڕەكە دەكەن، لە بواری ویژدانیدا بەرپرسیارن".

ئاماژەیان بەوەشكردووە "لایەنەكان بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتییان رۆژانە گەنجانی بێ تاوان بەكاردەھێنن و دەبنە قوربانی، لە كاتێكدا بە شەڕ و كوشتن ھیچ كێشەیەك چارەسەر نابێت".

ھاوسەرۆكانی ھەدەپە داوا لە توركیا دەكەن "ھەرچی زووە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ راگرتنی شەڕ جێبەجێ بكات و لەسەر مێزی گفتووگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن".

لە كۆبوونەوەی 24 شوباتی 2018، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیاری راگەیاندنی ئاگربەستی سووریا پەسند كرد، رۆژی دواتریش یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە راگەیەندراوێكدا پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەستەكەوە دەربڕی.

ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین لە 20/1/2018 دەستیپێكرد و لەسەرەتای ھێرشەكەدا بەرپرسانی توركیا رایانگەیاند كە لەماوەیەكی كەمدا دەتوانن عەفرین كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام تائێستا سوپای توركیا نەیتوانیوە بچێتە نێو شاری عەفرین، دوای مانگێك لە 20 شوباتی 2018، بە رێككەوتنی یەپەگە و حكوومەتی سووریا، ھێزەكانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد گەیشتنە عەفرین، وەك بەرپرسانی ئەو ھێزانە رایانگەیاند، بۆ بەرگریكردن لە عەفرین ھاتوون.

H.M