نێچیرڤان بارزانی و عەبادی ناردنی مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەكەن
"گفتوگۆ لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانە كراوە"
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و باسیان لە كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و ناردنی مووچەی فەرمانبەران كردووە.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، گفتوگۆكان لەچوارچێوەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و ناردنی سلفەیەك بۆ ھەرێمی كوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران بوون".
گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بڕیارەكەی عەبادی دەكات كە رایگەیاندووە ھەفتەی داھاتوو مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دەنێرێت".
پێشتر لە چوارچێوەی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 17/2/2018، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان و مهسروور بارزانی، راوێژكاری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و تاوتوێی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدایان كرد. دوای كۆبوونەوەكەش لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، مەسروور بارزانی رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە دوایین وتاریدا عەبادی رایگەیاندووە، كە پێش ھاتنی جەژنی نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەڵام تائێستا حكوومەتی عێراق روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی كاتی ناردن و وردەكاری خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان نەداوە، زۆرینەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانیش لە بەڵێنەكانی عەبادی بێ ئومێدبوونە.
ھ.م