ئیداره‌ی سه‌ربازی كه‌ركووك بۆنه‌كانی راپه‌ڕین و نه‌ورۆز قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

لێكه‌وته‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر یه‌خه‌ی نه‌ورۆز ده‌گرێت

K24 - كه‌ركووك:

کورد و ئادار و نەورۆز, سێکوچکەی لێکدانەبڕاوی سەدان ساڵی مێژووی کوردستان, لە خراپترینی بارودۆخەکانی ئەو مێژووەشدا ھیچ دەسەڵات و کەسێک نەیتوانیوە وا لە کورد بکات, دەستبەرداری ئەو یادانە بێت, بەتایبەت کەرکووک, كه‌ لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا گوێیان بە بڕیار و زەبروزەنگی دەسەڵاتداران نەداوە و ئاگری نەورۆزییان کردووه‌تەوە.

لە کەرکووکی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر, ھەوڵەکان بە ئاراستەی قەدەغەکردنی بۆنە و یادە نەتەوەییەکانی کوردە و شەقامی کوردیش پێداگری لە کردنەوەی ئەو بۆنە و یادانە دەکەنەوە و  داوا دەکەن لە نەورۆزدا ئاڵای کوردستانیش بەرز بکرێتەوە.

خەڵکی کەرکووک رووی دەمییان لە حزبە کوردییەکانی شارەکەیە, ئەوانیش کۆبوونەوەیان کردووە و بڕیاری کردنەوەی یادەکانیانداوە, لە یادی راپەڕین و کردنەوەی ئاگری نەورۆزیشدا, بە نیازن ئاڵای کوردستان ھەڵبکەن, بەڵام بۆ ئەمە داوای پشتگیری دەکەن.

زانکۆی کەرکووک کە ساڵانە لە رۆژی جلوبەرگی نەتەوەییدا قوتابی و خوێنکارانی کورد جلوبەرگی کوردییان دەپۆشی, بەڵام بۆ ئەمساڵ بە بڕیاری سەرۆکی زانکۆ قەدەغەکراوە, بەرپرسێکی پەروەردەش سەرەڕای ئیدانەکردنی بڕیارەکە, جەخت لەسەر بەرزڕاگرتنی ئەو رۆژە لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی دەکاتەوە.

ھەموو ئەو بۆنە و یادانە لە رێگان و کورد بەنیاز نییە دەستبەردارییان بێت, ئیدارەی کەرکووک و حاکمی سەربازی شارەکەش, تا ئێستا بێدەنگن و دیار نییە کاردانەوەکانیان چی دەبێت.