گرێ كوێرەكەی یەكێتی ناكرێتەوە
"زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ دواخستنی كۆنگرەن"
K24 - سلێمانی
ھەرچەندە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، دەبوایە دوای دوو مانگ لە کۆچی دوایی مام جەلال، یەکێتی کۆنگرەی نائاسای ببەستێت، بەڵام بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە تائێستاش نەتوانراوە کاتی بەستنی کۆنگرەی چوارەم دیاربکرێت، ئەوەش ناڕەزایەکی زۆری ناوخۆی حزبەكەی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە جارێكی دیكە لەم ھەفتەیەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ یەكلاكردنەوە پرسی كۆنگرە كۆببێتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حزبە لەگەڵ دواخستنی کۆنگرەدان بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، بەوپێەی کات نەماوە و ھەر کۆنگرەیەکیش ببەسترێت سەرکەوتوو نابێت. ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت، لەم ھەفتەیە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دوا بڕیار لەسەر کۆنگرە و ھەڵبژاردنەکان دەدات.
ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئاشكرایە كە لەنێو یەكێتی لەسەر بەستنی كۆنگرە رای جیاوازی ھەیە، ھەندێكیان لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدان و ھەندێكی دیكەش رایانوایە كە كۆنگرە دوابخرێت، بۆیە دەبێ ئەو پرسە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی تاوتوێ بكرێت و دوا بڕیاری لەسەر كۆنگرە بدرێت".
ھەر لەبارەی بەستنی كۆنگرە و كێشەناوخۆییەكانی یەكێتییەوە، نەسروڵڵا سورچی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "لەسەر پرسی كۆنگرە لەسەركردایەتی یەكێتی ھەر كۆمەڵە و رایەكیان ھەیە، بۆەیە دەبێ پێش بەستنی كۆنگرە رێككەوتن بكرێت".
بەپێی مادەی 28 لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، کە لە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حزبە پەسەندکراوە، لە خاڵی یەکەمدا ھاتووە لەکاتی لەسەر کارنەمانی سکرتێری گشتی جا بەھەر ھۆیەك بێت، دەبێ لەماوەی دوو مانگدا کۆنگرەی نائاسای ببەسترێ، لە خاڵی دووەمیشدا ئاماژە بۆ ئەوە دراوە کە جێگری سکرتێری گشتی تا بەستنی کۆنگرەی نا ئاسایی ئەرکەکانی سکرتێری گشتی جێبەجێ دەکات، کەچی ئەو کاتەی کە لەپەیڕەوی ناوخۆ دیاریکراوە تەواو بووە و نەتوانرە کاتی کۆنگرەی چوارەم دیاربکرێت ئەوەش ناڕەزایەکی زۆری یەکێتیەکانی لێکەوتووەتەوە.
ھ.م