48 ساڵه‌ رێككه‌وتن كراوه‌ به‌غدا مافه‌كانی كوردی نه‌داوه‌

به‌غدا.. له‌ لاوازیدا رێككه‌وتن و له‌ به‌هێزیشدا پێشێلكردن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bbad4265-dfdf-4e5a-9440-543f03f7e82f/031018GZK.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

48 ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەكەی 11ی ئازاری 1970 تێپەڕدەبێت، كە یەكێكە لە ڕووداوە گرنگ و مێژووییەكانی سەدەی بیستەم لە باشووری كوردستان، بۆ یەكەمین جار بوو لە مێژووی كوردا بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی لە ڕێگای ڕێككەوتننامەیەكی فەرمی لە نێوان داگیركەران و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی، دان بە چەندین مافی گرنگ و مێژوویی نەتەوەیی كوردا نرا، ئەگەرچی ئەو ڕێككەوتننامەیە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە جێبەجێ نەكرا، بەڵام وەك دەستكەوتێكی گەورە چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە. هەر بۆیە وەك رۆژێكی مێژوویی تۆمار كرا.

خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی و رابەرایەتیكردنی بۆ شۆڕشی ئەیلوول، حكوومەتی ئەوسای عێراقی ناچاركرد رێكەوتننامەیەكی مێژوویی لەگەڵ كورددا واژۆ بكات.

ڕێككەوتننامەكەی 11ی ئازاری 1970 یەكێكە لە رووداوە گرنگ و مێژووییەكانی سەدەی بیستەم لە باشووری كوردستان، بۆ یەكەمین جار بوو لە مێژووی كوردا بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی لە ڕێگای ڕێكەوتنامەیەكی فەڕمی لە نێوان داگیركەران و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی، دان بە چەندین مافی گرنگ و مێژوویی نەتەوەیی كوردا نرا، بەر لەم ڕووداوە هیچ ڕێككەوتننامەیەك لە مێژووی كوردا نەیتوانی وا بە ڕوونی ئەو مافانەی كورد بچەسپێنێت.

رێككەوتنەكە نزیكەی دوو ساڵ گفتوگۆی چڕ و پڕی نێوان سەركردایەتی سیاسی كورد و حكوومەتی عێراقی خایاند، كە دواجار بە رێككەوتننامەیەكی 15 خاڵی دوایی هات. لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەوسای عێراق و سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی و شاندی دانوستانکاری هەردوولا رێککەوتنەکە ئاشکرا کرا.

ئەگەرچی دواجار ئەو ڕێككەوتننامەیە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە جێبەجێ نەكرا، بەڵام لانی كەم وەك دەستكەوت چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە. هەر بۆیە وەك ڕۆژێكی مێژوویی تۆمار كرا.

بارزانی ھەرگیز ئامادەنەبووە بچێتە بەغدا، بەڵكو ئەوە بەرپرسانی حكوومەتی بەعسی عێراق بوون دەھاتنە بارەگای سەركردایەتی شۆڕش، لە ناوچە ئازادكراوەكان.

كاریزمایی مەلا مستەفا بارزانیش بوو وایكرد ناوه‌ڕۆكی رێككەوتننامەكە جگە لە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش، كە ئەحمەد حەسەن بەكر بوو, لەلایەن ھیچ كەسێكی دیكە نەخوێندرێتەوە.

پێدەچێت بەشی خەڵکی کوردستان لە عێراق هەر رێککەوتن و داننانێکی سەرەتایی بێت لە لایەن حکوومەتەکانی بەغدا بە مافەکانی، ئەویش لەوکاتانەی کە هیچ دەسەڵاتێکی نییە، بەڵام لەگەڵ پەیداکردنەوەی تۆزقاڵێک لە هێزەکەیان، جارێکی دیکە مشتەکۆڵەیان لەبەردەم مافەکانی کورد بەرزدەکەنەوە و بەڵینەکانیان دەکەنە بڵقی سەر ئاو، ئێستاش جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق بە ھەمان ئەقڵیەتی رژێمەكانی پێشوو نكوڵی لە داننان بە مافەكانی كورد دەكەن و دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی كوردستانیش، ھێندەی دیكە گیانی شۆڤێنيزمی خۆیان دەرخست، تاكو ئێستاش ھیچ ئاسۆیەك بۆ بەدەنگەوە ھاتنی بەغدا بۆ مافەكانی كورد و ھاوبەشی راستەقینە لە وڵاتێكی یەكگرتوودا نيیە. ئەوەش سەلمێنەری خواستی خەڵکی کوردستانە کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی نزیكه‌ی لە 93%ی خەڵکی کوردستان خواستی دابڕانیان لە عێراق دووپاتکردەوە.

 

ا. م

Fly Erbil Advertisment