دوای ھەڵگرتنی ئابڵۆقەی ئاسمانی یەكەمین فڕۆكە لە ھەولێر دەنیشێتەوە

گەشتە نێودەوڵەتییەكانی ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكەنەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ یەکەمین گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی لەدوای هەڵگرتنی ئابڵوقەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت.

محەمەد غەفور خۆشناو، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای خۆشناو بریکاری کۆمپانیای فلای ناسی سعوودی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمرۆ یەکەمین گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و شاری جەدەی عەرەبستانی سعودییە ئەنجام دەدرێت".

محمەد غەفور خۆشناو، دووپاتیشی کردەوە: "گەشتەکە جگە لە گواستنەوەی عەمرەکاران، گەشتیاران بۆ وڵاتی سعودییە دەگوازێتەوە و دەتواندرێت لە رێگەی هێلەکەوە بە ترانسێت لە فڕۆکەخانەی جەدەوە گەشتی هەموو وڵاتانی جیهان بکرێت".

کۆمپانیای فلای ناس کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی تایبەتی سعوودییە و خاوەنی 29 فڕۆکەی نەفەرهەڵگرە و گەشتەکانی بۆ زیاتر لە 70 فڕۆکەخانەی جیهانی ئەنجام دەدات.

لە 29/9/2017، حكوومەتی عێراق ئابڵوقەی ئاسمانی خستە سەر ھەرێمی كوردستان و گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی وەستێندران. دوای چەند مانگێك و چەندین كۆبوونەوەی نێوان ھەرێم و بەغدا، بڕیاردرا گەمارۆی ئاسمانی سەر ھەرێمی ھەڵبگیرێت.

ھ.م