عەرەبە شیعەكان لە كەركووك دەكرێنە خاوەن ماڵ

"ئەگەر بەعس كەركووكی بە سوننەی كردبێت، ئێستا دەسەڵاتی بەغدا بە شیعەی دەكات"

K24 - كەركووك

لەدوای 16 ئۆکتوبەرەوە بەپێی ئامارێکی نافەرمی زیاتر لەهەزار خێزانی عەرەبی هاوردەی شارەکانی عێراق هێنراونەتە کەرکووك.

زۆربەی ئەو خێزانە عەرەبانەی هێنراونەتە کەرکووك، لە گەڕەکە کوردنشینەکاندا نیشتەجێ دەکرێن، حزبە سیاسییە کوردییەکان لەم هەڵوێستەی پارێزگاری كەركووك بەوەکالەت و هێزە ئەمنییەکان نیگەرانن و داوا دەكەن رێگری لە بە عەرەبكردنی كەركووك بكرێت.

شێخ سدیق، بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکووکی حزبی شوعی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "كێشەكە ئەوەیە ئێستا كەركووك بە عەرەبی شیعە دەكرێت، ئەگەر سەدام حوسێن، كەركووكی بە سوننەی كردبێت، ئێستا دەسەڵاتی بەغدا بە شیعەی دەكات و نەك ھەر كورد، بەڵكو سوننەكانیش لێی نیگەرانن".

ھەر سەبارەت بەو پرسە ھاووڵاتییەكی كەركووك بەناوی فەرمان هیدایەت، دەڵێت: "پارێزگاری ئێستای كەركووك نیازی باش نییە بەرامبەر خەڵكی رەسەنی كەركووك و دەرگای وەرگرتنی ناسنامەی كردووەتەوە بەسەر ھەموو عەرەبەكانەوە، ئەو عەرەبانەی پێشتر رژێمی بەعس بۆ تەعریب كردن ھێنابوونیە كەركووك، ئێستا جارێكی دیكە دەھێندرێنەوە شارەكە و نیشتەجێ دەكرێن".

لە 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ھێرشیان كردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، دواتر بە بڕیارێكی سەربازی پارێزگارێك بە وەكالەت بۆ كەركووك دیاركرا، بەگوێرەی زانیارییەكان بڕیارەكانی ئەو پارێزگارە لە خزمەت شیعەكان و ھەوڵدەدرێت ئەمجارە كەركووك بە شیعە بكرێت.

ھ.م