كێشەی كورد كەركووكە نەك مووچە
داوای یەكلایی كردنەوەی چارەنووسی كەركووك دەكرێت
K24 - ھەولێر
خەڵکی کەرکووك رایانوایە، تا چارەنووسی کەرکووك یەکلای نەکرێتەوە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامی دەبێ. لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کەرکووك داوا دەکەن، هەرێمی کوردستان بە یەك پاکێج کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. مامۆستایەكی ئاینی لە كەركووك رایدەگەیەنێت، كێشەی نێوان كوردستان و بەغدا، فڕۆكەخانە و مووچە نییە، بەڵكو كەركووكە.
جوان حەسەن،
یەکێتیش لە کەرکووك، خاوەن هەمان بۆچوونی حزبە سیاسییەکانی دیکەن، دەیانەوێت کێشەی شارەكە لە رێگای گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێ.
رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکووکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: "كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكرێت، وەك ئەوە وایە كەركووك كوردستانی نەبێت، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانیش تائێستا باسی كەركووك نەكراوە".
ھەر سەبارەت بەو پرسە مەلا ساماڵ بازیانی، پێش نوێژ و وتاربێژ لە شاری كەركووك جەختیكردەوە: "لە دێرزەمانەوە كێشەی كورد لەگەڵ حكوومەتی عێراق كەركووك بووە، نەك فڕۆكەخانە و مووچە، ئەگەر كەركووك لەنێو ھاوكێشەكان نەبێت بێ ئومێدی لەنێو خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی كەركووكییەكان دروست دەكات".
ھ.م