گریزمان: پێش مۆندیال چاره‌نووسی خۆم یه‌كلایی ده‌كه‌مه‌وه
"هاوسه‌ری گریزمان گه‌شتی بارسێلۆنای كردووه بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوون دابین بكات"
ئانتوان گریزمان هێرشبه‌ری ئاتڵێتیكۆ مه‌درید به‌ر له مۆندیالی رووسیا داهاتووی خۆی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی یه‌كلاده‌كاته‌وه.
گریزمان له لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌وانی لیكیپی فڕه‌نسی ئاشكرای كردووه به‌ر له ده‌ستپێكی مۆندیال ده‌یه‌وێت داهاتووی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به دڵێكی ئاسووده‌وه بچێته رووسیا.
ده‌نگۆی زۆر هه‌یه ئانتوان له هاوینی داهاتوو په‌یوه‌ندی به بارسێلۆناوه بكات و مه‌رجی شكاندنی گرێبه‌ستی ئه‌م یاریزانه فڕهنسیهش ده‌گاته 100 ملیۆن یۆرۆ.
گریزمان به خوشكه‌كه‌ی كه به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانیه‌تی راگه‌یاندووه پێویسته داهاتووی یه‌كلا بكاته‌وه چوونكه بێزار بووه ئه‌وه‌ندی پرسیار له‌سه‌ر داهاتووی بكرێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی ئاشكرای كردووه هاوسه‌ری گریزمان له ماوه‌ی رابردوو گه‌شتی بارسێلۆنای كردووه بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوون دابین بكات پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به بارسێلۆناوه بكات.
