"دوو سەربازی توركیا لە باكووری كوردستان كوژران"

ھەپەگە شوێنی شەڕەكە ئاشكرا دەكات

K24 - ھەولێر

گەریلاكانی پەكەكە لە چالاكییەكی سەربازیدا لە باكووری كوردستان دوو سەربازی توركیایان كوشت.

لە راگەیەندراوێكدا ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاشكرای كرد: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆزدا، گەریلاكانمان چالاكییەكیان دژی سوپای توركیا لە ناوچەی تەپە خوەدێی سەربە شارۆچکەی شەمزینانی جولەمێرگ ئەنجامدا و دوو سەربازی توركیایان كوشت".

چەند رۆژێك لەمەوبەر دوران كاڵكان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) رایگەیاندوبوو، لەبەرامبەر عەفرین، بەرخودانی گەورە لە باكووری كوردستان دەست پێدەكەن و شاری شەمزینان رزگار دەكەن. ھاوكات جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، لە داھاتوودا شەڕی نێوان پەكه‌كە و توركیا پێدەنێتە قۆناغێكی فراوانترەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان ھێرشی زەمینی بۆسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە دەستپێكردووە.

ھ.م