"توركیا و رووسیا داوایەك لە ئۆجەلان دەكەن"

لە ئیمرالی لەگەڵی كۆبوونەتەوە و زانیارییەكان ئاشكرا دەكرێن

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای دەكات، شاندێكی ھاوبەشی توركیا و رووسیا لە ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكە، لەبارەی عەفرین كۆبوونەتەوە و دوای قایل نەبوونی بە داواكەیان، سیستمی ئەشكەنجەدانی بۆسەر ئۆجەلان زیادكراوە.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بە رادیۆی دەنگی وڵاتی سەر بە حزبەكەی راگەیاندووە: "زانیاری نوێ لەبارەی رەوشی ئۆجەلان ئاشكرا بووە و بۆ وەستاندنی بەرخودانی عەفرین، شاندێكی توركیا و رووسیا، لە ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوونەتەوە".

گوتیشی: "تورکیا و رووسیا، رێککەوتنی ستراتیجیان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەرخودانی عەفرین بووەستێنن، بۆ ئەم مەبەستە بە شاندێك چوونەتە ئیمرالی و فشاریان خستووەتە سەر ئۆجەلان و ئەو داوایان لێکردووە، بەڵام رێبەر ئاپۆ ئەوەی رەتکردووەتەوە، بەمەش سیستمی ئەشکەنجەیان لە ئیمرالی زیاتر کردووە".

قەرەیلان، ئەوەش دەخاتەڕوو: "ئەم ھەوڵانە دەریدەخات کە دوژمن لەبەرامبەر بەرخودانی گەلەکەمان چەند تەنگەتاو بووە، هەموو رێگە و رێبازێکی گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بەرخودانە بشکێنێ، لە رۆژانی داهاتوودا، هەندێك زانیاری دیکە بۆ رای گشتیی بڵاوبکرێنەوە".

دەشڵێت: "زانیاری نوێمان لەسەر دۆخی ئۆجەلان دەستكەوتووە، بەڵام نامەوێت هەمووی ئاشکرا بکەم، چونکە دەبێت بەڕێوەبەرانی تەڤگەرەکەمان بەشێوەیەکی فەرمیی نووسراو و لێدوان لەوبارەیەوە بڵاو بکاتەوە و هەموو گەلی ئێمە و رای گشتیی لێ ئاگادار بکاتەوە".

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەكەكە لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگریدا، لە کینیا دەستگیرکرا، دواتر بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕالی بەندكرا.

ھ.م