لە عەفرین نان و ئاو دەست ناكەوێت
ھاووڵاتیانی عەفرین لە دۆخێكی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن
K24 - ھەولێر
خەڵکی عەفرین دوای داگیرکردنی شارەکەیان بەدەست نەبوونی ئاو و کارەبا و خواردنەوە دەناڵێنن، تورکیا رێگە نادات بە هێچ شێوەیەك هاوکارییەکان بگەنە ناو شار و دەروازەکانی ئەو شارەی داخستووە، خەڵکی دەڵێن، زوڵمیان لێدەكرێت تورکیا و ئۆپۆزسیۆن ناهێڵن ژن و منداڵەکانیان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
بە گوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك كە ئاژانسەكانی ھەواڵ بڵاویانكردووەتەوە، هێشتا وێنەکانی ئۆجەلان بەسەر هەندێك لە کوچە و کۆڵانەکانی عەفریندا دیارە، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە زەردەخەنەوە تەماشای برسێتی خەڵکی دەکەن و خەڵکیش خوازیارن دۆخەکە بگەڕێتەوە پیش داگیرکاری سوپای تورکیا و چەكدارانی سوپای سووریای ئازادی سەر بە ئەنقەرە.
ھاووڵاتیەكی عەفرین دەڵێت: "لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین، نان و ئاو نییە و ناهێڵین ژن و منداڵەکانمان بگەڕێنەوە شار ئێمە ستەم لێکراوین".
خەڵکی بە سەدان کەس بەدوای یەکدا وەستاون و چاوەڕێی دەستێکی خێر دەکەن، لەو نێوەندەدا تورکیا رێگەر نادات رێکخراوە مرۆییەکان بچنە ناو شارەکە و سەرەنجام ئەوەی کە نان و ئاو و چارەنووسی خەڵکی بەدەستە هەر خۆیەتی و تەنها مانگی سووری تورکی بۆی هەیە بچێتە ناو عەفرین.
کەرەم کنك، سکرتێری گشتی مانگی سووری تورکی رایدەگەیەنێت: "ئێمە ژمارەی دانیشتوانی عەفرینمان بە 100 هەزار کەس خەملاندووە، خەڵکی پێویستیان بە کەلوپەل و پیداویستی هەیە، هەوڵدەدەین یارمەتییان بدەین، بەڵام ناتوانین و فریا ناکەوین، بارێکی قورسمان لەسەر شانە".
پاش نزیكەی دوو مانگ ھێرش و بۆردوومان بۆسەر عەفرین، توركیا لە 18 ئاداری 2018 داگیركردنی توركیای راگەیاند.
ھ.م