پارەی ھاندانی كارمەندانی تەندروستی دابەش دەكرێت
"پارەكە زیاتر لە 4 ملیار دینارە"
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی كوردستان، بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار وەكو دەرماڵەی مانگێکی هاندانی كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووری رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر پێدانی دەرماڵەی مانگێکی دیکەی هاندانی کارمەندانی تەندروستی و پزیشكان. بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی، بڕی پارەکە چوار ملیار و100 ملیۆن دینارە، کە وەك دەرماڵەی هاندان و ئێشکگری بۆ دیوانی وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەكان و سەنتەر و بنكە تەندروستییەكانی 24 کاژمێری خەرج دەکرێت.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ھاندانەكە بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەكانی 24کاتژمێرییە و پارەكەش لە مانگی ئایاری داھاتوو خەرج دەکرێت".
ئەمە لەكاتێدایە بەشێك لە كارمەندانی كەرتی تەندروستی بەھۆی سیستمی پاشەكەوتی مووچەوە، لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان خۆپیشاندانیان دەستپێكردووە و بایكۆتی دەوامیان كردووە.
ھ.م