په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر: مامۆستايان بايكۆتى ده‌واميان نه‌كردووه‌ و ليستى نوێى مووچه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت

لەسەرجەم قوتابخانەكان و ناوەندەكانی سەر بە پەروەردەی سنووری پارێزگای ھەولێر دەوام ئاساییە

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوبەری گشتی پەروه‌ردەی ھەولێر، بەشدار عەبدولخالق خۆشناو،  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مامۆستایان بایكۆتی دەوامیان نەكردووە و ئێستاش لەسەرجەم قوتابخانەكان و ناوەندەكانی سەر بە پەروەردەی سنووری پارێزگای ھەولێر دەوام ئاساییە و مامۆستایان بەردەوامن لە گووتنەوەی وانەكانیان.

گوتيشى: "تا ئێستا ھیچ مامۆستایەك سزا نەدراوە و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاداگاریكردوونەتەوە، كە پێویستە سەجەم پەروەردەكان ئامادەكاری لیستی مووچە بكەن، بەو سیستەمە نوێیەی ئێستا و ئێمەش سەرجەم رێكارەكانمان گرتووەتە بەرو ئامادەكارییەكان كاتی زۆر ناخایەنێت".

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، په‌ڕێوبه‌رايه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

سەبارەت بە بەیاننامەی کۆمەڵە کەسانێکی حزبی بەناو دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری هەولێر

رۆژی 31/3/2018 لە شاری هەولێر، کۆمەڵە کەسانێکی حزبی بە ناوی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری هەولێر بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، کە لەم بارەوە چەند سەرنج و تێبینییەک بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە:

1. لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نزیکەى (2500) قوتابخانە هەیە کە زیاتر لە (55000) مامۆستا و فەرمانبەر لەخۆ دەگرن و لەو ژمارەیەش و دواى جەژنى نەورۆز تەنیا 3%ى قوتابخانەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر وەک پێویست دەوامیان نەکردووە، چونکە ساڵانە دواى ئەم جەژنە گەورە نەتەوەییە قوتابیانى هەندێک قوتابخانە دەوام وەک پێویست ناکەن و ئەمساڵیش هەست بەم سستییە کرا، بەڵام وەها نەبوو کە هەندێک کەناڵ و ڕاگەیاندن گەورەیان کردەوە، تەنانەت ئەو مامۆستایەى کە لە هەولێر ناحەقى بەرامبەر کرا، لەگەڵ سەرجەم مامۆستاکانى دەوامى فەرمى خۆى کردووە.

2. خۆپێشاندان و داواى مافی مامۆستا و فەرمانبەران ڕەوایە و ئێمە پشتگیری دەکەین و سوپاسى دڵسۆزى و خۆڕاگرى مامۆستایانى شارەکەشمان دەکەین کە لەم یەک دوو ساڵەى ڕابردوو و هاوشانى بەرخۆدان و خەباتى پێشمەرگەکانى کوردستان ڕێگەیان نەداوە و ڕێگە نادەن دەرگاى قوتابخانەکان دابخرێن، ئەمەش خزمەتێکى گەورەى نەوەکانمان و منداڵانى کوردستانە، بۆیە پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە خۆپێشاندان و داواکردنى ماف بە یاسا ڕێک خراوە و نابێت هەندێک بۆ موزایەدە و بۆ مەرامى سیاسى بەتایبەت بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بیکەنە بابەتى خۆیان. هەڵبەتە داخستنى دەرگای قوتابخانە پێچەوانەى هەموو یاساکانە و هەر بە پێى یاسا هیچ کەس و لایەنێک بۆى نییە ئەم بڕیارە ترسناکە بدات، پرۆسەى پەروەردە بەرپرسیاریەتییە و لەسەر هەموومانە و هەر کەسێکیش خوازیارى خۆپێشاندان بێت دەتوانێت لە دەرەوەى قوتابخانەکان داواى مافەکانى خۆى بکات.

3. مامۆستایان و فەرمانبەرانى خۆشەویست لەوە گەورەترن بە هەندێ وتە هەڵبخەڵەتێنرێن، چونکە ئەو کەسانەى ئەمڕۆ بەم شێوازە هەڵسوکەوت دەکەن وەزیرى حزبەکانیان لە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزیران بەشداری بڕیارى پاشەکەوتى مووچەیان کردووە و ئەو یەک دوو ئەندام پەرلەمانانەى بۆ موزایەدە خزانە نێو خۆپێشاندەرانەوە، دەکرا لە پەرلەمانى کوردستان بەرگرى لە مافى ڕەواى مامۆستایان بکەن.

4- بەپێویستی دەزانین سوپاسی دڵسۆزی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە گۆرانكاری و پێداچوونەوەی لەسەر مووچەو پاشەكەوت كردو هەنگاوێكی دڵخۆشكەرانەیەو هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندین كە لەم هەفتەیە مووچە بە سیستەمی نوێ لەچەند رۆژی داهاتوو دابەشدەكرێت.

1-4-2018

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر