له‌ عه‌ممان سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان باسی ئەزموونی کوردستان لە به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تووندڕەوی دەکات

وەکو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە. سەرۆکی زانایان بەجلوبەرگی کوردی بەشداری کۆنگرەکە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان بەشداری لە کۆنگرەیەکی ئیسلامی دەربارەی ئاسایشى کۆمەڵایەتی ده‌كات، کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوە دەچێت.

د.عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لە عەممانەوە بە کوردستان 24 راگەیاند، کە لە ئوردن وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری ئەو کۆنگرە ئیسلامییەی کردووە.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوەدا، کۆنگرەکە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 4- 5 ی نيسان/ ئەپریل بە بەشداری دەیان زانای بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی بەردەوام دەبێت.

بڕیارە سبەی سەرۆکی یەکێتی زانایانی هەرێمی کوردستان سیمینارێک لە بارەی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و رووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی پێشکەش بکات .

کۆنگرەکە لەلایەن کۆڕبەندی جیهانی بۆ میانەڕەوی بەهاوکاری رابیتەی جیهانی ئیسلامی رێکخراوە و نوێنەری 25 دەوڵەت بەشداری دەکەن و رێکخەرانی کۆنگرەکەش وەک دەوڵەت بانگهێشتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و سەرۆکی یەکێتی زانایانی هەرێمی کوردستانیش بە جلوبەرگی کوردی بەشداری کردووە.