حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركووك ئاشكرا ده‌كات
گوته‌بیژی حه‌شدی باكوور: له رووی مه‌یدانییه‌وه هیچ له ئارادا نییه
K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی حوسه‌ینی، گوته‌بێژ به‌ناوی "حه‌شدی باكوور" هه‌ڵوێستی حه‌شدی شه‌عبی به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ده‌ڵێت: "لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌رپرسانی پێشمه‌رگه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه، زیاتر له رووی راگه‌یاندنه‌وه‌یه نه‌ك مه‌یدانی و هیچ پرسێكی له‌و جۆره له مه‌یدانه‌كه‌دا بوونی نییه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "تا ئێستا هیچ هێزێكی پێشمه‌رگه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌و ناوچانه و هیچ هێزێكیش نه‌چووه‌ته ناو كه‌ركووك، چونكه هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌و رووه‌وه له نێوان هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ك و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌لایه‌كی دیكه‌وه نییه".
قسه‌كانی حوسه‌ینی پاش لێدوانی سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا "پینتاگۆن"ـه كه رۆژی چوارشه‌ممه 4/4/2018 رایگه‌یاندبوو، هێزێكی تایبه‌تی پێشمه‌رگه چوونه‌ته ناو شاری كهركووكهوهو زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و هێزه سه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانن".
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، هێزی پێشمه‌رگه له پاراستنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربن، چونكه ماوه‌یه‌كه چه‌كدارانی داعش هێرش و كرده‌ی تیرۆریستی زۆر له‌و ناوچانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر رێگای كه‌ركووك به‌غدا و به‌غدا دیاله.
له دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه كه به‌هۆی رێككه‌وتنێكی نهێنی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی هێنرانه‌وه كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری، جگه له‌وه‌ی ئه‌و هێزانه بوونه هۆی ئاواره‌كردنی به‌شێكی زۆری كورده‌كان. له هه‌مان كاتیش‌دا نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كان بپارێزن و ته‌نانه‌ت چه‌قۆی داعش له گه‌ردنی ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منییه‌كانیش دووربخه‌نه‌وه.