سكاڵایه‌كی یه‌ك ملیار دیناری له‌سه‌ر عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح تۆمار ده‌كرێت

داوا پێشكەش بە دادگا كراوە

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی سكاڵایه‌ك كە لەلایەن پارێزەری بریكاری نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك ئاراستەی دادگای بەرایی ھەولێر كراوە، لەبەرامبەر "تەشھیرپێكردن و ناوزڕاندنی"، وه‌ك قه‌ره‌بوو، داوای یەك ملیار دینار لە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان دەكات.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، عەلی حەمە ساڵح، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەڵساوە بە "ناوزڕاندن و تەشھیركردن" بە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك و "زیانی بە پێگەی وەزیفی و كۆمەڵایەتی و سیاسی گەیاندووە".

لە داواكەی پارێزەری نەجمەدین كەریم ھاتووە: "داوا لە دادگا دەكەم داوالێكراو بانگێشت بكرێت و دادبینی و بڕیارتان بە پابەندكردنی بە دانانی قەرەبووی یەك ملیار دینار".

عەلی حەمە ساڵح، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی سكاڵاكه‌، نووسیویەتی: "به‌ تۆمه‌تی ناوزڕاندن پارێزگاری که‌رکووك داوای ملیارێك دینارم لێده‌کات. ده‌چمه‌ به‌رده‌م دادگاو هه‌موو به‌ڵگه‌کانم ده‌به‌م، به‌هیوای یاسا سه‌روه‌ری".

ناوه‌ڕۆكی سكاڵا یه‌ك ملیارییه‌كه‌
ناوه‌ڕۆكی سكاڵا یه‌ك ملیارییه‌كه‌

پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەلی حەمە ساڵح رایگەیاندبوو: "زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری پارەی پڕۆژەكانی كەركووك خەرج نەكراوە و لە ژمارە حسابی پارێزگاردایە لە بانكی كوردستانی ئەھلی، له‌ رێگای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عێراقی و بانکی ناوه‌ندی کارم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی کردووه‌و ده‌شگه‌ڕێته‌وه‌".

ھ.م