خەڵكی منبج دژی ھەڕەشەكانی توركیا رژانە سەر شەقامەكان
"رێگە نادەین شارەكەمان داگیر بكرێت"
K24 - منبج
ھەزاران ھاووڵاتی خەڵكی منبج و شارەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، بە سەرپەرشتی ئیدارەی شارەكە، رژانە سەر شەقامەكانی شاری منبج، دژی ھەڕەشەكانی توركیا. ئەوان داوا دەكەن توركیا واز لە ھەڕەشەكانی بھێنێت و چاو نەبڕێتە شارەكەیان، بۆ ئەوەی چیدیكە نەھامەتییەكانی سەر ھاووڵاتییان دووبارە نەبنەوە و خوێنی زیاتر نەڕژێت، ئەوان دەڵێن توركیا ھیچ مافێكی بەسەر شارەكەوە نییە و ئیدارەی منبجیش نەبووەتە ھەڕەشە لەسەر توركیا تا ئەو وڵاتە ھێرش بكات.
ھاووڵاتییەكی دانیشتووی دێرەزوور بەناوی سەعید مووسا، كە بەشداری لە خۆپێشاندانی منبج دژی ھەڕەشەكانی توركیا كردبوو بە كوردستان24 گوت: "ئێمە وەكو ھۆزەكانی دێرەزوور ھاتووینەتە ئێرە، بۆ ئەوەی شەرمەزاری لەشكركێشی توركیا بۆسەر وڵاتەكەمان بكەین".
فاروق ئەلماشی، سەرۆكی ئەنجوومەنی یاسادانانی منبج بە كوردستان24 راگەیاند: "دژی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر باكووری سووریا و شاری منبج ھاتووینەتە خۆپێشاندان دەكەین، ئێمە خەڵكی ئەو وڵاتەین و دەتوانین بەرگری لە وڵاتەكەمان بكەین، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین كاربكات بۆ بەرقراربوونی ئارامی و ئاسایش لە ھەموو جیھان".
ئەوە لەكاتێكدایە دوای داگیركردنی عەفرین توركیا ھەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر شاری منبج دەكات و داوای لە ئەمریكا كردووە، كە ھێزەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە بكشێنێتەوە.
ھ.م