ئه‌نقه‌ره سیاسه‌تی واشنتۆن له‌باره‌ی سووریا به دووفاقی ناوده‌بات
ئیبراهیم كالن: پێویسته ئه‌مه‌ریكا بڕیاری خۆی بدات ئاخۆ هه‌نگاوی داهاتووی چییه و دوا ئامانجییشی له سووریا چییه
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ره‌خنه‌ی توندی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای گرت، به‌وه‌ی كه ئاماژه‌ی دووفاقی له‌باره‌ی ئایندهی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا به‌دی ده‌كرێت.
ئیبراهیم كالن، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا به رۆژنامه‌ی "ده‌یلی سه‌باح"ی توركی راگه‌یاند: "ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه له‌ناوبردنی داعش ئامانجی ئه‌وانه له سووریا، به‌ڵام ئه‌و گوتانه‌ی واشنتۆن له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات واتا و ره‌هه‌ندی جیاوازی له‌خۆ گرتووه".
كالن گوتی: "دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا ده‌كات، له‌كاتێكدا به‌رپرسانی دیكه‌ی واشنتۆن جه‌خت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌و وڵاته ده‌كه‌نه‌وه".
وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌م هه‌ڵوێسته دوو فاقییه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبه‌ته گومان درووست ده‌كات، هیوادارین روونی راشكاوی بوونێكی زیاتر به‌دی بكرێت و، پێویسته واشنتۆن بڕیاری خۆی بدات، ئایا هه‌نگاوی داهاتوویان چی ده‌بێت و دوا ئامانجییشیان له سووریا چییه؟".
ئیبراهیم كالن باسی ئه‌وه‌شی كرد، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا لێدوانی دژیه‌ك له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سووریا ده‌ده‌ن، ئامانجی خۆیان له دژایه‌تیكردنی داعش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران و رووسیا له‌سه‌ر خاكی سووریا گۆڕیوه.
كالن گوتی: "له چه‌ند مانگی رابردوودا، نیازی واشنتۆن بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی سووریا ئاشكرا بووه، به‌وه‌ی كه هێزێكی دژبه‌ری ئێرانه، ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكه له‌لایه‌ن عه‌ره‌بستانی سعوودیه و ئیماراته‌وه پشتگیری ده‌كرێت".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركیا باسی ئه‌وه‌شیكرد، "گومانی تێدا نییه، كه پرسه‌كه ئیتر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به داعشه‌وه نه‌ماوه، به‌ڵكو بۆ هاوسه‌نگییه‌كی نوێی هێز له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سووریا گۆڕاوه".
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: "ئێستا كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه له سووریا و مانه‌وه‌ی ئێمه له‌و وڵاته به‌گران له‌سه‌ر واشنتۆن وه‌ستاوه و به قازانجی وڵاتانی دیكه ته‌واو ده‌بێت". به‌ڵام دواتر به‌رپرسانی پله‌ی باڵای كۆشكی سپی رایانگه‌یاند: تره‌مپ له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سووریا رازی بووه.
H.B