چهكدارانی داعش له رۆژئاوای عێراقیش دهست به ھێرشكردن دهكهنهوه
له سووریاوه چهك دهگوازنهوه بۆ عێراق
K24 - ههولێر:
لە چەند رۆژی رابردوودا، چەکدارانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراق چەندین هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی عێراق وحەشدی شەعبی ئەنجامداوە، بەگوتەی فەرماندە سەربازییەکانی عێراقیش، چەندین شانەی نوستووی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار هەن و مەترسی زۆریشیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان دروستکردووە.
داعش لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا و بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار، خەریکە خۆی رێکدەخاتەوە و لەماوەی رابردووشدا چەندین هێرشیان لە دژی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ئەنجامداوە، کە بەهۆیانەوە ژمارەیەک سەرباز و چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی عێراق، چەندین شانەی نوستووی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار خۆیان حەشارداوە، کە ژمارەی چەکدارەکانیان بەسەدان كهس مەزەندە دەکرێت.
تارق عەسەل، فەرماندە لە حەشدی هۆزەکان سەبارەت بە مەترسی داعش لە ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار بە میدیاکانی عێراقی گوتووە، چەکدارانی داعش لە ناوچە بیابانییەکانی سەرسار هەن و مەترسی زۆریان بۆ سەر ئەو ناوچانە دروستکردووە.
داعش بەشێوەیەک لە ناوچە سنوورییەکان بەهێزبووەتەوە، کە جگە لە هاتووچۆکردنیان لەنێوان سنووری عێراق و سووریا، چەکی قورسیش لەنێوان ئەو دوو سنوورە هاتووچۆ پێدەکەن.
هاوکات محەممەد ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەداوە، چەکدارانی داعش لە سووریاوە چەک بۆ عێراق دەگوازنەوە و بە پێچەوانەشەوە.
گوتەکانی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەکاتێکدایە، کە پێشتر فەرماندەکانی حەشد لە چەندین بۆنەدا جەختیان لە پاراستنی سنوورەکان کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، رێگە بە بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچە سنوورییەکان نادەن.