به‌ ڤیدیۆ.. ناپۆلی بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه‌ له‌ 4 خوله‌ك ریمۆنتادای كرد

ناپۆلی له‌ پێناو ناسناوی سێریا ئه‌ی له‌ كۆڵ یوڤێنتۆس نابێته‌وه‌

له‌ گه‌ڕی 31ـه‌می سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا، یانه‌ی ناپۆلی شكستی به‌ سه‌ركه‌وتن گۆڕی و له‌ ماوه‌ی 4 گۆڵ ریمۆنتای له‌ دژی كیڤۆ ڤیرۆنا تۆمار كرد.

یانه‌ی ناپۆلی له‌ نێو یاریگه‌ی سان پاوڵۆی تایبه‌ت به‌خۆی میوانداریی كیڤۆ ڤیرۆنا كرد، له‌ گێمی یه‌كه‌م هیچ لایه‌ك نه‌یتوانی تۆڕی یه‌كتر بهه‌ژێنن، به‌ڵام رووداوه‌كانی گێمی دووه‌م سه‌رنجی میدیاكانی راكێشا.

له‌ خوله‌كی 51 درایس مێرتینز هێرشبه‌ری ناپۆلی لێدانی پێناڵتی له‌ده‌ستدا، پاشان له‌ خوله‌كی 73 ماریۆز ستیبنسكی گۆڵی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ی بۆ كیڤۆ تۆمار كرد.

له‌ خوله‌كی 89 ئاركادیزو میلیك ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ناپۆلی یه‌كسان كرده‌وه‌، پاشان له‌ خوله‌كی زیادكراوی یارییه‌كه‌ و به‌ دیاریكراوی له‌ خوله‌كی 93 پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه‌ لێ بدات ئامادۆ دیاوارا گورزێكی جه‌رگبڕی له‌ یانه‌ی كیڤۆ وه‌شاند و گۆڵی بردنه‌وه‌ و ریمۆنتادای تۆمار كرد.

یانه‌ی ناپۆلی به‌ 77 خاڵ له‌ خانه‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی سێریا ئه‌ی مایه‌وه‌ و جیاوازی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ یوڤی پێشه‌نگ بۆ 4 خاڵ هێشته‌وه‌.