ئه‌ردۆغان بۆ رۆژئاوا: رووخسار و ده‌ست و مێژووتان خوێناوييه
ئه‌ی رۆژئاوا، كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و سه‌یرێكی ئه‌و منداڵ و ژن و مرۆڤانه ده‌كه‌ن كه له غوته‌ی خۆرهه‌ڵات ده‌كوژرێن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، رايگه‌ياند، وڵاتانى رۆژئاوا رووخسار و ده‌ست و مێژوويان خوێناوييه و ئه‌وانه‌ى به زمانى تيرۆريستان قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، بڕۆنه دۆزه‌خ.
سه‌رۆكى كۆماری توركیا و سه‌رۆكی گشتیی ئاك پارتی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له میانی كۆنگره‌ی ئاسایی شه‌شه‌می پارته‌كه‌یدا له سێرت گوتارێكی پێشكه‌شكرد.
له‌و وتاره‌دا، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، "وڵاتانی رۆژئاوا كه رۆژێك له رۆژان گوێمان لێنه‌بوو سه‌باره‌ت به‌و هێرشه تیرۆریستییانه‌ی كه رۆژانه ده‌كرایه سه‌ر وڵاته‌كه‌مان هیچ شتێك بڵێن، هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی رێگریی له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی توركیا بكه‌ن كه به هۆكاری ره‌وا ئه‌نجامیده‌دات. ئه‌ی رۆژئاوا، كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و سه‌یرێكی ئه‌و منداڵ و ژن و مرۆڤانه ده‌كه‌ن كه له غوته‌ی خۆرهه‌ڵات ده‌كوژرێن و شه‌هید ده‌كرێن تاوه‌كو ئێمه به ئێوه بڵێین 'ئه‌مانه دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن'".
گوتیشی: "ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌رمان ده‌وه‌ستن و به زمانی تیرۆریستان قسه ده‌كه‌ن پێیان ده‌ڵێین ئه‌وه ئه‌رز و ئه‌وه گه‌ز 'تا جه‌هه‌نه‌م رێگه‌تان له‌به‌رده‌مدایه' ".
ئه‌ردۆغان گوتيشى: "به‌وانه ده‌ڵێم شووره‌ییه كه تراجیدیایه مرۆییه‌كانی ناوچه‌كه‌مان ده‌كه‌نه بازرگانی چه‌ك بۆ خۆیان، حساباتی سیاسیی ناوخۆیی و ئاله‌تی بازاڕی مامه‌ڵه. شووره‌ییه بۆ دیموكراسیتان، مافه‌كانی مرۆڤ و تێگه‌یشتنی دیپلۆماسیتان".
سەرۆك کۆمارى توركيا هه‌روه‌ها گوتیشی: "مه‌رگی هه‌ر كه‌سێكی بێ‌تاوان كه رێگه‌تان بۆ خۆشكردووه یان ته‌ماشاچی بوون له‌باره‌یه‌وه، خوێنه‌كه‌ی له رووتان، ده‌ست و پلتان، مێژووتان و ئاینده‌تان هه‌ڵپژاوه. چیتر هیچ یه‌كێك له‌و وڵاتانه مافی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه كه سكاڵا به‌ده‌ست رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، تیرۆریزم و كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانه‌وه بكات".
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ
ئ.ر