زیاتر لە 500 كاندید له‌ كوردستان بۆ 46 كورسی كێبڕكێ ده‌كه‌ن

بەربژێری 23 لایەن و قەوارەی سیاسین

K24 - ھەولێر

كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ناو و ژمارەی كاندیدانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا كردو 503 کاندید لە هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی 46 کورسی لە پەرلەمانی عێراق كێبڕكێ دەكەن، ئەو کاندیدانەش بەربژێری 23 لایەن و قەوارەی سیاسین تا ئێستاش هیچ لایەنێك پێشبینی بۆ ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق نەکردوە پارتی دەڵێت، ژمارەی کورسییەکانمان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو زیاتر دەبێت.

مازن عەبدولقادر، سەرپەرشتیاری  ئۆفیسی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھێشتا سیستمی تایبەت بە جیاكردنەوەی دەنگەكان بە شێوەیەكی فەرمی پەسند نەبووە، ئێستا كار لەسەر دانانی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان و ئەنجامدانی گرێبەستە لەگەڵیان، بۆ ئەوەی راھێنانیان پێ بكرێت".

سەبارەت بە بەرزی و نزمی رێژەی دەنگەكان لە ھەڵبژرادنی داھاتوو، ڤیان سابیر، جێگری سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "چەندین فاكتەر ھەن، بۆ ئەوەی كە رێژەی دەنگەكانمان باش بێت، سەركردایەتییەكی بەھێز و كادیری ناوەندی باشمان ھەیە، ھەروەھا دۆخی ناوخۆی حزبمان باشە، ھەموو ئەوانە ھۆكارن كە دەنگەكانی پارتی باشتر دەبێت".

بەهۆی رووداوەکانی 16 ئۆکۆتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانیەکان پێشبینی دەکرێت کورد ریِژەی کورسییەکانی کەم بکات، ئەم هەڵبژاردنەش سیاسییەکان خوێندنەەی جیاوازی بۆ دەکەن بەشێکیان بە رێگەی چارەی کێشەکانی عێراق و بەشێکیشیان بە تێکچوونی بارودۆخی عێراقی ناوی دەبەن.

ھ.م