سه‌در: رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ ده‌بینه‌وه
موقته‌دا سه‌در: ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر پیرۆزییه‌كانمان له سووریا هه‌بێت ئێمه‌ش ده‌سته‌وه‌ستان نابین
K24- هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در ره‌خنه‌ی توندی له هه‌ره‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكای له سووریا گرت و، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی تره‌مپی به بێزاركاری وه‌سف كرد.
سه‌در هۆشداریشی دا و دووپاتیكرده‌وه، "لێدوانه‌كانی تره‌مپ بێزاركارن و دوور نییه ناوچه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی مه‌ترسیدار ببات"، سه‌در گوتی: "هیچ كاتێك جه‌نگ چاره‌سه‌ری ژیرانه نییه و، ده‌ستوه‌ردان له كاروباری گه‌لان و وڵاتان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و، گه‌لی سووریا تاكه لایه‌نه كه مافی بڕیاردان له چاره‌نووس و حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌یه".
سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در جه‌ختی كرده‌وه، عێراقییه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به فراوانبوونی جه‌نگی سووریا به‌ره‌و وڵاته‌كه‌یان ناده‌ن و بۆ حكوومه‌تی عێراقیشی دووپاتكرده‌وه، "چه‌كدارانی رهوتهكهم ئاماده‌ن بۆ پاراستنی سنووره‌كانی رۆژئاوای عێراق، به‌مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو داگیركاری ئه‌مه‌ریكا له سووریا".
سه‌در گوتی: "هه‌ركاتێك پیرۆزییه‌كانمان له سووریا رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه ببنه‌وه، عێراقییه‌كان ده‌سته‌وه‌ستان نابن" و داوای له گه‌لی سووریاش كرد، "هاتنی ئه‌مه‌ریكا ره‌ت بكه‌نه‌وه، بۆئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی پێشووتری عێراق له سووریاش دووباره نه‌بنه‌وه".
دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو رووسیا هێرشی سه‌ر سووریای ره‌تكرده‌وه و جارێكی دیكه ڤیتۆی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌شار ئه‌سه‌د و رژێمه‌كه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌كارهێنا، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازی له سووریا كرد، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێنا و، وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له ئێران، رووسیا و رژێمی دیمه‌شقه‌وه، تادێت گۆڕانكارییه‌كان بۆنی زیاتری جه‌نگی لێ دێت.
وه‌ك ئاماده‌كاریه‌كیش بۆ خۆپاراستن له گورزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا، به‌گوێره‌ی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، هێزه‌كانی سه‌ر به رژێمی ئه‌سه‌د فڕۆكه‌خانه و بنكه سه‌ربازیه‌كانیان له‌و ناوچانه چۆڵ كردووه، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی دیمه‌شقن.
H.B