"مووشه‌كی جوان و زیره‌ك دێت، له‌وانه‌یشه هه‌ر نه‌یه‌ت"
تره‌مپ: نه‌مگوتووه كه‌ی هێرشه‌كه ده‌كه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
له ناكاو له تویته‌ره‌كه‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كرد جیهانی خسته دڵهڕاوكێوهو و ئێستاش دیسان له تویته‌ره‌وه ده‌ڵێت: "له‌وانه‌یه پرۆسه سه‌ربازییه‌كه‌ی سووریا زۆر نزیك بێت، یان هه‌ر نه‌كرێت".
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 12/4/2018 دوای نزیكه‌ی 24 كاتژمێر له تویته تۆقێنه‌ره‌كه‌ی كه رووسیای له هاتنی مووشه‌كه نوێ و جوان و زیره‌كه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار كرده‌وه، له تویتێكی نوێ‌دا ده‌ڵێت: "من هیچ كاتێك نه‌مگوتووه هێرشی سه‌ر سووریا كه‌ی ده‌ستپێده‌كات، له‌وانه‌یه زۆر نزیك بێت و له‌وانه‌شه هه‌ر نه‌كرێت".
هه‌روه‌ها رۆژی چوارشه‌ممه 11/4/2018 پاش تویته‌كه‌ی تره‌مپ، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "ئێمه هیچ لێدوانێك له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ھێرشی سه‌ر سووریا ناده‌ین، پێویسته چاوه‌ڕوانی كۆشكی سپی بكه‌ن روونكردنه‌وه له‌باره‌ی تویته‌كه‌ی سه‌رۆكه‌وه بده‌ن".
ئه‌وه‌بوو ساره سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی له وه‌ڵامی رۆژنامه‌واناندا گووتی: "هێشتا بڕیاری كرده‌ی سه‌ربازی نه‌دراوه، به‌ڵام هه‌موو بژارده‌كان له به‌رده‌م سه‌رۆك تره‌مپ كراوه‌ن و ئه‌گه‌ر پێویست بێت كرده‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌درێت " ئاماژه‌ی به لێدانی هێزه‌كانی رووسیا له سووریادا ئه‌گه‌ر هاتوو پێویست به‌و هه‌نگاوه هه‌بێت.