موقته‌دا سه‌در: دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان عزه‌ت دووری ده‌كوژین
سه‌در: كوشتنی عزه‌ت دووری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن نییه به‌ڵكو ئه‌ركێكی نیشتیمانی پیرۆزه
K24- هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در دووپاتیكرده‌وه، تیمێكی تایبه‌ت بۆ گه‌ڕان به‌دوای عزه‌ت دووری، جێگری سه‌دام حوسێن، سه‌رۆكی رژێمی رووخاوی عێراق و هاوكات میراتگری حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه‌كراو پێكده‌هێنێت، كه ئه‌ركی ئه‌و تیمه بریتی ده‌بێت له كوشتن یانیش ده‌ستگیركردنی دووری.
ئاژانسی سوومه‌رییه بڵاویكرده‌وه، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و گرته ڤیدیۆیه‌ی عزه‌ت دووری كه له 7ی ئه‌م مانگه به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه‌كراو بڵاویكردبووه‌وه، سه‌در رایگه‌یاند: "زۆر وریا بن، بۆئه‌وه‌ی سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌كان جارێكی دیكه هه‌واڵی كوژرانی عزه‌ت دووری بڵاو نه‌كه‌نه‌وه و دواتر درۆكانیان ئاشكرا بن.. ئێمه به‌نیازین دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان تیمی تایبه‌ت چالاك بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی دووباره به‌دوای دووریدا بگه‌ڕێت، به‌مه‌به‌ستی كوشتنی یانیش ده‌ستگیركردنی، دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه ده‌ڵێم دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆئه‌وه‌ی نه‌ڵێن بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه به‌ڵكو ئه‌ركێكی نیشتیمانی پیرۆزه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی گوتاره‌كه‌ی دووری، ئاخۆ مه‌به‌ست له‌و گوتاره‌ی دووری تۆقاندنی گه‌لی عێراقه؟ سه‌در گوتی: "نه‌خێر، ئه‌و زۆر له‌وه گه‌مژه‌تره كه بتوانێت خه‌ڵكانێك بترسێنێت و، گه‌لی عێراق زۆر له‌وه گه‌وره‌تره كه له‌و جۆره كه‌سه هه‌زه‌لی و بێ هێزانه بترسێت".
له 7ی ئه‌م مانگه‌دا، كه رۆژی دامه‌زراندنی حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه‌كراو بوو، عزه‌ت دووری، جێگری سه‌دام حوسێن، سه‌رۆكی رژێمی رووخاوی عێراق و هاوكات میراتگری حزبی به‌عس، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه و تێیدا هێرشی توندی كرده سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا به‌شدارن و به "میلیشیای ئێران له عێراق" وه‌سفی كردن و، هه‌ڕه‌شه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی له شیعه‌كانی عێراق كرد و گوتی، ئه‌گه‌ر خواسته‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێن، هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه سه‌ربازی و ئابوورییه‌كانی ئێران و وڵاتانی بیانی له‌ناو خاكی عێراق ده‌كه‌ینه ئامانجی هێرشه‌كانمان.
هه‌ر له‌و گرته ڤیدیۆیه‌دا دووری باسی وێرانبوونی ژماره‌یه‌ك پارێزگای عێراق و كوژرانی زیاتر له 2 ملیۆن كه‌س و بێسه‌روشوێن بوونی هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ی كرد و، هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی كرد له دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆی ناوینان "بهكرێگیراوان".
H.B