ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا به‌شداری له كرده‌ی سه‌ربازی سووریادا ناكه‌ن
ئیتاڵیا ته‌نیا هاوكاری لۆجیستی پێشكه‌شی هاوپه‌یمانان ده‌كات و ئه‌ڵمانیاش جه‌خت له‌سه‌ر دیراسه‌كردنی هه‌نگاوه‌كان له‌باره‌ی سووریاوه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك، كه له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئیتاڵیا ده‌ركراوه، رۆما هیچ رۆڵێكی راسته‌وخۆی له‌و كرده سه‌ربازیه‌دا نابێت، كه پێشبینی ده‌كرێت له دژی رژێمی سووریا ئه‌نجام بدرێت و له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ئیتاڵیا ته‌نیا هاوكاری لۆجستی پێشكه‌ش به هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌كات.
به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئیتاڵیا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، پاولۆ جینتیلۆنی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته له ڕێگه‌ی چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه به به‌رپرسانی جیهانی راگه‌یاندووه، له‌وانه‌ش ئه‌نگێلا مێركل، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، "به له‌به‌رچاوگرتنی رێككه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی، ئیتاڵیا به‌شداری له هیچ كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له سووریا ناكات، ته‌نیا هاوكاری لۆجیستی پێشكه‌ش به هاوپه‌یمانان ده‌كات".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ، ئه‌نگێلا مێركل، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌شداری له هیچ گورزێكی سه‌ربازی دژی رژێمی دیمه‌شق ناكات و، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی دیراسه‌كردنی هه‌موو هه‌نگاوه‌كان له‌باره‌ی سووریا كرده‌وه. مێركل گوتیشی، هه‌رچه‌نده به‌رلین پلانی بۆ به‌شداری كردن له‌و كرده سه‌ربازییه‌دا نییه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه پشت له هاوپه‌یمانه‌كانمان بكه‌ین و جه‌ختی كرده‌وه، ئێمه هه‌میشه له دژی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایین و، پشتگیری ئه‌و تیمه‌ش ده‌كه‌ین كه بۆ لێكۆڵینه‌وه له راستی رووداوه‌كانی دۆما سه‌ردانی سووریا ده‌كات.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند راپۆرت و به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر بۆردومانكردنی شاری دوما به چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژیمی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌شاندنی گورزێكی سه‌ربازی له حكوومه‌ته‌كه‌ی دیمه‌شق كرد، له‌كاتێكدا ئه‌مڕۆ تره‌مپ رایگه‌یاند، مه‌رج نییه كرده سه‌ربازییه‌كه‌یان له سووریا له‌كاتێكی نزیكدا ئه‌نجام بدرێت.
H.B