به‌ریتانیا: بۆ هێرشكردنه سه‌ر سووریا پێویسته هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا بكه‌ین
حكوومه‌تی به‌ریتانیا: مه‌حاڵه چاوپۆشی له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی بكرێت و وه‌ڵام نه‌درێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
حكوومه‌تی به‌ریتانیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتیكرده‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌یان بڕیارێكی ده‌ركردووه و، به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی به‌ریتانیا، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه كیمیاییه‌كه‌ی سه‌ر شاری دۆما، پێویسته له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا له هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامدا بن.
له به‌یاننامه‌كه‌ی حكوومه‌تی له‌نده‌ندا هاتووه: "ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گه‌یشتۆته ئه‌و راستیه‌ی كه پێشتریش رژێمی ئه‌سه‌د چه‌كی كیمیایی له چه‌ندین شوێنی دیكه‌ی سووریا به‌كارهێناوه و، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌نجامده‌ری كیمیابارانه‌كه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووش له دۆما، هه‌ر رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د بێت".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاریداوه، تێریزا مه‌ی، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی له واشنتۆن و پاریس له كاركردنی به‌رده‌وامدا بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كان له‌مباره‌یه‌وه ئاشكرا بكات.
له به‌یاننامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌ریتانیادا دووپاتكراوه‌ته‌وه: "دوای گفتوگۆكردن، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گه‌یشتۆته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی، كه مه‌حاڵه چاوپۆشی له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی بكرێت و وه‌ڵام نه‌درێته‌وه.. ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر ئه‌وه رازی بووه، كه پێویسته رێككاری ته‌واو و توند بگیرێته به‌ر، بۆئه‌وه‌ی رێگری له نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی سووریا بكرێت و چیتر رێگه به به‌كارهێنانی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو له‌و وڵاته نه‌درێت".
پێشتریش تێریزا مه‌ی، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ لێدانی سووریا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسای هاوپه‌یمانه‌كانی راگه‌یاندبوو و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جووڵه‌ی به هێزه ده‌ریاوانییه‌كانی به‌ره‌و ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست كردبوو.
H.B