هانده‌رانی ریال مه‌درید له‌م یانه‌یه تۆقیون
ده‌یانه‌وێت له تیروپشكی قۆناخی پێشكۆتایی نزا ده‌كه‌ن له‌م یانه‌یه به‌دوور بن
رۆژنامه‌ی ماركای مه‌دریدی له راپرسییه‌كدا له باره‌ی تیروپشكی قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ، زۆرینه‌ی هانده‌رانی یانه‌ی ریال مه‌درید هیوای ئه‌وه ده‌خوازن له یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی به‌دووربن و نزا ده‌كه‌ن رووبه‌ڕووی یانه‌ی رۆمای ئیتاڵیا ببنه‌وه.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانیا له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی خۆی ئه‌نجامی راپرسییه‌كی بڵاو كرده‌وه كه 62 هه‌زار هانده‌ری ریال مه‌درید به‌شداری تێدا كردووه كه تێیدا 51%ـی هانده‌رانی ریال مه‌درید هیوای ئه‌وه ده‌خوازن یانه‌كه‌یان له قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبه‌ڕووی یانه‌ی رۆما ببێته‌وه، به‌وپێیه‌ی ئه‌و یانه‌یه به ئاسانترین یانه‌ی ئه‌و قۆناخه ده‌زانن.
له راپرسییه‌كه‌دا 29%ـی به‌شداربووان هیوای ئه‌وه ده‌خوازن ریال مه‌درید رووبه‌ڕووی بایرن میونشن ببێته‌وه، له 20%ـی ده‌نگده‌رانیش ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ریال مه‌درید و لیڤه‌رپوول به‌یه‌ك بگه‌ن.
به گوێره‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌كه كه‌مترین كه‌س خواستی ئه‌وه‌ی ده‌ریڕیوه كه ریال مه‌درید و لیڤه‌رپوول رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه هانده‌رانی یانه‌ی شایانه له یانه‌ی لیڤه‌رپوول تۆقیون.
بڕیاره پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له كاتژمێر 2:00 له شاری نیۆنی سویسرا مه‌راسیمی راكێشانی تیروپشكی قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ بۆ یانه‌كانی (لیڤه‌رپوول، رۆما، بایرن میونشن و ریال مه‌درید) رابكێشرێت.
